ئاژانسێک: ئەمڕۆ پوتن و ترەمپ بە تەلەفۆن قسە دەکەن
دوای ئەوەی ئەمەریکا ناردنی چەکی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرت، ئەمڕۆ سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسە دەکەن.
پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی، بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسە دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ ئانا کێلی، جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندیی ئەمەریکا لە پێشینەی کارەکانمانە، ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ڕادەگرین.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی فاینێنشاڵ تایمز، لە ڕاپۆترتێکدا ڕایگەیاندووە، سبەینێ هەینی 4ـی تەممووز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بە تەلەفۆن قسە دەکەن و باس لەبڕیاری لەناکاوی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا دەکەن.
لە دوای هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، ئەمەریکا دەیان ملیار دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.