عراقچی: پابەندین بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆم

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی تا ئێستاش پابەندە بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم. باسی لەوەش کرد، ئەڵمانیا بێ ویژدانانە پشتگیری لە هێرشی نایاسایی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد.
پێنجشەممە 3ـی تەمووزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نویسوویەتی: هەماهەنگییەکانی وڵاتەکەمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە ڕێگەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییمانەوە دەبێت، ئەویش بە هۆکاری ئاسایش و سەلامەتی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا، پاڵپشتی ڕاشکاوانەی ئەڵمانیا بۆ هێرشی نایاسایی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و، هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە، بێ ویژدانانەیە و جێگەی شەرمە.
جەختی لەوەش کردەوە، هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.