پوتن و ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کرد

سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا، تاوتوێی پێشهاتەکانیان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆکرانیا کرد. هاوکات پوتن جەختی لەوە کردەوە، کە ڕووسیا دەستبەرداری ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا نابێت.

پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملین) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کردووە و تاوتوێی پێشهاتەکانیان لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆکرانیا کردووە.

پوتن بە ترەمپی گوتووە، گرنگە ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سیاسییەوە چارە بکرێن.

هاوکات پوتن جەختی لەوە کردەوە، ڕووسیا دەستبەرداری ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا نابێت، لە نێویشیاندا هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم جەنگە. گوتیشی: ڕووسیا ئامادەیە لە گفتوگۆکان و دۆزینەوەی چارەی ئاشتییانە بۆ ئۆکرانیا بەردەوام بێت.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا نزیکەی کاتژمێرێكی خەیاندووە، هەروەها ترەمپ پێشنیازی کردووە ئاگربەست لە ئۆکرانیا ڕابگەیندرێت.