وەزیری کشتوکاڵی تورکیا: ئاگری دارستانی ئیزمیر کۆنترۆڵکراوە

چەند ڕۆژێکە ئاگر لە دارستانەکانی ئیزمیر و بۆرسا و کوتاهیا کەوتووەتەوە، وەزیری کشتوکاڵی تورکیاش دەڵێت: ئاگری دارستانەکانی چەشمە سەر بە پارێزگای ئیزمیر کۆنتڕۆڵ کراوە، بەهۆی ئاگرەکانی تورکیا نزیکەی 81 هەزار هێکتار زیانی بەرکەوتووە.

هەینی، 4ـی تەمووزی 2025، ئیبراهیم یوماکلی وەزیری کشتوکاڵی تورکیا ڕایگەیاند، ئاگری دارستانەکانی چەشمە سەر بە پارێزگای ئیزمیر کۆنتڕۆڵ کراوە و هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری ناوچەکانی ئۆدەمیش و بۆجاش بەردەوامە.

یوماکلی لەبارەی دوایین هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان ئاماژەی بەوە دا، دوای هەوڵێکی چڕ، ئاگری دارستانەکانی چەشمە سەر بە پاڕێزگای ئیزمیر کۆنتڕۆڵ کراوە و هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری ناوچەکانی ئۆدەمیش و بۆجاش بە ڕێگەی ئاسمان و زەوییەوە بەردەوامە.

 هاوکات کەشوهەوای گەرم و بای بەهێز بووتەوە هۆی بڵاوبوونەوەی خێراتری ئاگرەکان، بە گشتیی نزیکەی 80 هەزار و 957 هێکتار زەوی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە لە سەرتاسەری تورکیا زیانیان بەرکەوتووە. 

بەگوێرەی ئامارەکانی  ئافاد، 44 هەزار و 778 هاووڵاتی ڕاستەوخۆ بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە کاریگەرییان لەسەر بووە. هاوکات بەهۆی ئاگرەوە چەندین گەرەک لە پارێزگا جیاوازەکەن چۆڵکراون و چەند شەقامێکی سەرەکیش داخراون.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment