وەزارەتی دەرەوەی ئێران: خوازیاری چارەی دیپلۆماسین

مەجید تەختڕەوانچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران
مەجید تەختڕەوانچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکە خوازیاری چارەی دیپلۆماسییە، بەڵام پێویستی بە وەڵامی ئەمەریکایە کە گەرەنتی بدات جارێکی دیکە لە ماوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان هێرش نەکرێتەوە سەر تاران.

هەینی 4ـی تەممووزی 2025، مەجید تەختڕەوانچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی 'ئێن بی سی'، گوتی: خوازیاری چارەی دیپلۆماسیین، بەڵام گرنگترین بابەت بۆ ئێمە ئەوەیە کە وەڵامێک لە ئەمەریکاوە وەربگرین لەسەر پرسێکی بنەڕەتی.

هاوکات دەڵێت: دەبێت ئەمەریکا گەرەنتی بدات لە ماوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان جارێکی دیکە هێرش نەکرێتەوە سەر ئێران، بۆ ئەوەی بتوانین بڕیارێک لەبارەی داهاتووی دانوستانەکان بدەین.

لەبارەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە، تەختڕەوانچی، ڕایگەیاند: ئێران هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە هەڵپەساردووە، هەروەها باڵیۆزی وڵاتەکەمان لە ڤیەننا پەیوەندیی بە بەڕێوەبەریی گشتیی ئاژانسەکە کردووە و هەڵوێستی ئێمەی بۆ ڕوونکردووەتەوە.

تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوەچووە، لە کاتێکدا بڕیاڕ بوو ڕۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕی شەشەمی دانوستان لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکە بەشداریکردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەکە هەڵپەسارد.