ئەمساڵ پرۆژەی ئاوی قوشتەپە تەواو دەبێت و ئاو بۆ 63 هەزار هاووڵاتی سنوورەکە دابین دەکات

بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ گەورەترین پرۆژی ئاو لە سنووری شارۆچکەی قوشتەپە تەواو بکرێت، کە تێچووەکەی 222 ملیار دینارە، ئاو بۆ 72 گوندی سنوورەکە و شارۆچکەی قوشتەپە و شارەدێی بێستانەش دابین دەکات، هەروەها 63 هەزار هاووڵاتیش سوودمەند دەبن لەو پرۆژەیە و کیشەی کەم ئاوی تاوەکوو 20 ساڵی دیکە چارە دەبێت.

 ماهیر حەسەن، بەرێوەبەری لیژنەی سەرپەشتیار لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ بە کوردستان24ـی گوت: لەسەر ڕێنمایی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی ئەو دەڤەرەیە، چونکە ئێستا دەبێت بیرەکان 700 مەتر قوڵ بکرێت ئینجا دەگەینە ئاو، کە ئاوەکەش بەو شێوەیە نییە پشتی پێ ببەسترێت.

ئاماژەی بەوەش دا، 3300 مەتر چوارگۆشە ئاو لە زیی بچوک وەردەگیرێت، دوای پاڵاوتن، 300 مەتر چوارگۆشە دەدرێتە قوشتەپە و 72 گوند و شارەدێی بێستانە، کە 63 هەزار هاووڵاتیی سوودمەند دەبێت لە پرۆژەکە.

پرۆژەکە لە 3 ئەمبارکردنی سەرەکیی و 15 ئەمباری لاوەکی پێکدێت، ئاو لە زێی بچوک وەردەگرن و دواتر فلتەر دەکرێت، 3 یەکەی پاڵاوتنی ئاوی ڵێڵی هەیە، ئاوەکە پاک دەکرێتەوە و دەرواتە بەشەکانی دیکە، لە توانایدایە ڕۆژانە 72 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکات، بەهۆی پرۆژەکەوە 111 بیری ئاو دادەخرێن.

بەرێوبەری پرۆژەی ئاوی قوشتەپەش دەڵێت تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەکە تەواو دەبێت.

ئاری سەلیم، بەرێوبەری پرۆژەی ئاوی قوشتەپە ڕایگەیاند، پرۆژەکە پێکدێت لە وەرگر، ئاو لە زێی بچوک وەردەگیرێت، بە شەش پەمپی گەورە ئاو دەهێنرێتە ناو کلاریفایەرەکان، لەوێوە دەپاڵێورێت، لە قۆناغی دووەم ئاوەکە فلتەر دەکرێت، دواتر دێتە کۆگای سەرەکی کە 12 هەزار مەتر سێجایە.

لە 55%ـی کارەکانی پرۆژەکە تەواو بووە و بە درێژی 300 کیلۆمەتر بۆری 800 ملیمی و  دواتریش بۆری 500 ملیم بۆ 90 ملیم ئاو دەگاتە ماڵەکانی سنووری شارۆچکەی قوشتەپە و گوژمەی پرۆژەکە 222 ملیار و 37 ملیۆن دینارە.