محەممەد یاسین: زیاتر لە 10 سانتیمەتر ئاوی ڕووباری خابوور کەمیکردووە

بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی زاخۆ دەڵێت، وشکەساڵی کاریگەریی کردوووەتە سەر بیرە ئاوەکانی دەڤەرەکە و ڕووباری خابوور.

شەممە، 5-7-2025، محەممەد یاسین، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ کەمبارانی و وشکەساڵی کاریگەریی کردوووەتە سەر بیرە ئاوەکانی دەڤەرەکە و ڕووباری خابوور.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر دوو جاری دیکە، لەساڵانی 2001 و 2009، وشکەساڵی لەو دەڤەرە ڕوویداوە، گوتیشی: پارساڵ ئاستی ئاوی ڕووباری خابوور 40 تاوەکوو 45 سانتیمەتر بوو، بەڵام ئەمساڵ لە نێوان 30 تاوەکوو 32 سانیتمەترە.

محەممەد یاسین، باسی لەوەش کرد، لە مانگی داهاتوو ئاستی ئاوەکە کەمتر دەبێتەوە بەڵام ناگاتە حاڵەتی وشک بوون، هەروەها ئەمساڵ لە تورکیاش باران کەم باریووە، بۆیە کاریگەریی لە ئاستی ئاوی ڕووباری خابوور کردووە، گوتیشی: ڕەنگە مانگی داهاتوو چەند سانتیمەترێکی دیکە ئاوی ڕووبارەکە کەم بکات.

لە بارەی دۆخی بیرە ئاوەکانی سنوورەکە، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی زاخۆ گوتی: ئێمە حەوت پۆندی ئاومان لە سنووری زاخۆ هەیە، کە چوار لەو پۆندانە کاریگەریی کەمبارانیان لەسەر هەبووە، هەندێک بیریش ئاوەکەیان کەمیکردووە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ بیرێک وشکی نەکردووە.