گوتەبێژی سوپای پاسداران: ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، هیچ هێڵێکی سوورمان بۆ وەڵامدانەوە نابێت

گوتەبێژی سوپای پاسداران هۆشداریدایە ئیسرائیل، ئەگەر هێرشبکەنە سەرمان هیچ هێڵێکی سوورمان نابێت بۆ وەڵامدانەوە.

عەلی محەمەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ دژومنەکانیان دوای ئەوەی زانیان بە دانوستان نەیانتوانی ئامانجەکانیان بەدیبهێنن، هەربۆیە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کرد.

نائینی گوتیشی: ئامانجی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەناوبردنی دەسەڵاتی ئێران بوو، ئەوان بەروونی هەوڵیان بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەڵام کارەکەیان سەری نەگرت.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوژمنانی ئێران تێگەیشتنی تەواویان بۆ کۆماری ئیسلامیی نییە، سەرەرای ئەوەی سەرکردە سەربازییاکانمان کران ئامانج، بەلام وەڵامێکی خێرای دوژمنمان دایەوە.

گوتەبێژی سوپای پاسداران  جەختیشی کردەوە؛ ئەگەر ئیسرائیل جارێکی دیکە هەوڵی هێرشکردنەسەر ئێران بدات، هیچ هێڵێکی سووریان بۆ وەڵامدانەوە نابێت.

نائینی گوتیشی: "ئێستا کێ نیگەرانە؟ ئێران یان دوژمنەکانی؟ بەدڵنیاییەوە نیگەرانن لە وەڵامدانەوەی وێرانکەری ئێران لە ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر وڵاتەکەمان."

ڕوونیشی کردەوە، "زیاتر لە دوو هەزار مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان بۆ ئیسرائیل هەڵداوە"، جەختیشیکردەوە "زۆرێک لە مووشەک و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران ئامانجەکانیان پێکاوە."