تورکیا.. سێ سەرۆک شارەوانیی دیکەی سەر بە جەهەپە دەستگیر کران

خۆپیشاندانەکانی ئیستانبوڵ بۆ پشتیوانیی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو
خۆپیشاندانەکانی ئیستانبوڵ بۆ پشتیوانیی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ شەممە، 5ـی تەممووز 2025، ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا سێ سەرۆک شارەوانیی  دیکەی سەر بە جەهەپەیان دەستگیر کردووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاماژەی بە ڕاگەینراوێکی داواکاری گشتیی تورکیا کردووە بەوەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی چەسپاندنی یاسادا، کە یەک مانگە بەردەوامە، سەرۆک شارەوانییەکانی ئەدەنە و ئەدیامان، دوو شاری گەورەی باشووری تورکیا و هەشت کەسی تر، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، دەستگیر کراون؛ ئەوانە، هەموویان سەر بە پارتی بەرهەڵستکاری 'جەهەپە'ن.

هەر بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەرۆک شارەوانی ئەنتالیا و جێگری سەرۆک شارەوانیی ناوچەی بویوکچەکمەجەی ئیستانبوڵیش لە چوارچێوەی هەمان  هەڵمەتدا، دەستگیر کراون. 

هەڵمەتی دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی تورکیا، بووەتە مایەی ناڕەزایی جەماوەری، بەتایبەت دوای دەستگیرکرانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، ناڕەزاییەکان گەیشتنە ئاستی خۆپیشاندان و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پۆلیس.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment