پاکستان.. بەهۆی داڕمانی باڵەخانەیەک 16 کەس مردن

شەممە، 5ـی تەمووز، 2025، ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەتید پرێس، لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی پاکستانەوە بڵاوی کردووەتەوە، درەنگانی شەوی هەینی، باڵەخانەیەک لە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی کەراچی داڕماوە و لە ئەنجامدا 16 کەس مردوون.

ئاسۆشییەتید پرێس، لە زاری بەرپرسانی خۆجێیی و میدیا ناوخۆییەکانەوە هەواڵی داڕمانی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە گەڕەکێکی کۆنی شاری کەراچی، پایتەختی هەرێمی سیند، لە باشووری پاکستان، ڕاگەیاندووە. تیمەکانی فریاگوزاری تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شەممە 16 لاشەیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا دەرهێناوە و ژمارەیەک برینداریش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی شارەکە.

بە گوێرەی قسەی بەرپرسانی فریاگوزاری، باڵەخانەکە لە کۆڵانێکی تەنگەبەردایە و شۆفڵ و کرێنەکان بە ئەستەم دەتوانن لەوێدا کار بکەن، بەڵام تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی کەسانێک کە ڕەنگە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا گیریان خواردبێت.

داڕمانی باڵەخانەکان لە پاکستان ڕووداوێکی بەربڵاوە، چونکە زۆربەی باڵەخانەکان بە خراپی و پێچەوانەی پێوەرە ئەندازەییەکان و بە کەرەستەی نەگونجاو و خراپ دروست کراون.

‌‌حوزەیرانی 2020، باڵەخانەیەکی دیکەی نیشتەجێبوون لە کەراچی داڕما و  22 کەسی تێدا مردن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment