ئیسرائیل بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ حه‌ماس، شاندێك ده‌نێرێته‌ قه‌ته‌ر

میدیای ئیسرائیلی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان بڕیاری دا شاند ڕه‌وانه‌ی قه‌ته‌ر بكات بۆ ئه‌نجامدانی دانوستانی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی.

شه‌ممه‌، 5ـی ته‌ممووزی 2025، ماڵپه‌ڕی "واینت"ـی ئیسرائیلی له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بڵاوی كرده‌وه‌، حكوومه‌تی ئیسرائیل بڕیاری دا شاندێك بنێرێته‌ قه‌ته‌ر بۆ ئه‌نجامدانی دانوستانی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی له‌باره‌ی ئاگربه‌سته‌ 60 ڕۆژییه‌كه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ، بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس جه‌ختی كرده‌وه‌، وه‌ڵامی ئه‌رێنی پێشنیازی ئاگربه‌سته‌ 60 ڕۆژییه‌كه‌یان داوه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌ن ده‌ستبه‌جێ بچنه‌ ناو دانوستانه‌كان.

هاوكات به‌در عه‌بدولعاتی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر ڕایگه‌یاندبوو، قاهیره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و قه‌ته‌ر كار ده‌كات بۆ به‌دیهێنانی ئاگربه‌سته‌ 60 ڕۆژییه‌كه‌، كه‌ ئازادكردنی بارمته‌ ئیسرائیلییه‌كان و زیندانییه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌ خۆ ده‌گرێت.

هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ گوتوویانه‌، ئه‌مه‌ریكا ده‌سته‌به‌ری ڕێككه‌وتنی غه‌ززه‌ ده‌كات له‌باره‌ی دووباره‌ ده‌ستپێنه‌كردنه‌وه‌ی شه‌ڕ. گوتووشیانه‌، ڕێككه‌وتنه‌كه‌ لێكتێگه‌یشتن بۆ پلانی دووباره‌ بڵاوه‌پێكردنی سوپای ئیسرائیل له‌ خۆ ده‌گرێت وه‌كوو سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ی له‌ كه‌رته‌كه‌. 

هه‌ینی، 4ـی ته‌ممووزی 2025، بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی به‌ فه‌رمی وه‌ڵامی پێشنیازه‌ 60 ڕۆژییه‌كه‌ی بۆ ئاگربه‌ستیی غه‌ززه‌ گه‌یانده‌ نێوه‌ندگیره‌كان؛ ئه‌مه‌ریكا، میسر و قه‌ته‌ر و ڕایگه‌یاند، وه‌ڵامه‌كه‌یان ئه‌رێنی بووه‌. هاوكات گوتوویه‌تی، دوای ڕاوێژ له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین، پێشنیازه‌كه‌یان قبووڵ كردووه‌ و ئاماده‌ن ڕاسته‌وخۆ بچنه‌ ناو دانوستانه‌كان له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی پێشنیازیی ئاگربه‌سته‌كه‌.

ده‌سته‌ی په‌خشی ئیسرائیل به‌ هه‌مان شێوه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو‌، وه‌ڵامه‌كه‌ی حه‌ماس بۆ پێشنیازه‌كه‌ ئه‌رێنی بووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ست ئیسرائیل و نێوه‌ندگیره‌كان.

هه‌ینی، 4ـی ته‌ممووزی 2025، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاویان كرده‌وه‌، حه‌ماس داوای كردووه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌سته‌به‌ریی واژۆكردنی ئاگربه‌سته‌ 60 ڕۆژییه‌كه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ به‌ ته‌واوی كۆتاییپێبێت.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ گوتووشیانه‌، نێوه‌ندگیره‌كان گه‌ره‌نتییان له‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌رگرتووه‌ دوای ئاگربه‌ست شه‌ڕی غه‌ززه‌ سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌. ده‌شڵێن، نێوان حه‌ماس و نێوه‌ندگیره‌كان جیاوازییان له‌سه‌ر دوو خاڵی پێشنیازه‌كه‌ هه‌یه‌ و له‌ كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ش گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كرێت.

هه‌ینی، 4ـی ته‌ممووزی 2025، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاویان كرده‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی دوای دوو كاتژمێری دیكه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی پێشنیازه‌ نوێیه‌كه‌ی ئاگربه‌ست ده‌خاته‌ ڕوو.

له‌م باره‌وه‌، كه‌ناڵی 14ـی ئیسرائیل ورده‌كاریی پێشنیازیی ئاگربه‌سته‌ 60 ڕۆژییه‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه‌‌، كه‌ له‌ چه‌ند ته‌وه‌رێك پێك دێت، له‌وانه‌: له‌ به‌رانبه‌ر ئازادكردنی 10 ئیسرائیلی، 1000 فه‌ڵه‌ستینی ئازاد ده‌كرێن كه‌ 100 كه‌سیان ئه‌وانه‌ن، سزای زیندانیی هه‌تاهه‌تاییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ و حه‌ماس سه‌رپشك ده‌بێت كه‌ داوای ئازادكردنی كێ ده‌كات.

ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌سته‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌رمی بارمته‌ كوژراوه‌ ئیسرائیلییه‌كان به‌ سێ كاروانی جیا و له‌ ماوه‌ی 60 ڕۆژدا ڕاده‌ستی ئیسرائیل ده‌كرێنه‌وه‌. هاوكات نابێت هیچ ئاهه‌نگ و ڕێوڕه‌سمێك بۆ ئاڵوگۆڕی ئازادكردنی بارمته‌ و دیله‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت. ڕوونیش كراوه‌ته‌وه‌، حه‌ماس 10 بارمته‌ ئازاد ده‌كات و ته‌رمی 15 بارمته‌ی دیكه‌ش ڕاده‌ستی ئیسرائیل ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام حه‌ماس دووباره‌ سه‌رپشك ده‌بێت له‌ ناوه‌كانیان.

تیمە تەکنیکییەکان کار دەکەن بۆ دیاریکردنی سنووری کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کاتی دانوستانە خێراکان کە دوای ڕێککەوتن لەسەر چوارچێوەی گشتیی پێشنیازەکە ئەنجام دەدرێن.

كه‌ناڵی 14ـی ئیسرائیل گوتووشیه‌تی، لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، دانوستانەکان لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەست پێدەکات و چوار خاڵی سه‌ره‌كی له‌ خۆ ده‌گرێت.

1-ئاڵوگۆڕی ئەو بارمته‌ و زیندانیانەی کە تا ئێستا له‌ لایه‌ن هه‌ردوولا ماونه‌ته‌وه‌.

2- ڕێکار و ڕێكخستنه‌وه‌‌ ئەمنییه‌ درێژخایەنه‌كان لە غەززە.

3-ڕێكاره‌كانی ڕۆژی دوای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌سته‌كه‌ له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌.

4-ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌.

لە ڕۆژی دەیەمدا حەماس هەموو زانیاری و بەڵگەکان لەسەر ئەو بارمتانه‌ی کە ماون یان مردوون، لەگەڵ ڕاپۆرتی پزیشکی دەخاتە ڕوو.

لە بەرانبەردا ئیسرائیل زانیاریی تەواو لەسەر ئەو زیندانییە فەڵەستینییانە دەدات کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوه‌ لە غەززەوە دەستگیر کراون.

هه‌ر یه‌ك له‌ ئەمه‌ریکا، میسر و قەتەر وه‌كوو نێوه‌ندگیر، گەرەنتی ئەوە دەدەن کە دانوستانی جیددی لە ماوەی ئاگربەستەکەدا ئەنجام بدرێت.

 
Fly Erbil Advertisment