وەزیری ناوخۆ: سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی باش و سه‌ركه‌وتوو بوو
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: گەشتەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ھەرێم ھەنگاوێكی درووستە
K24 - ھەولێر:
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: ئامانج لە سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی بۆ ھەرێمی كوردستان بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و بەغدایە، پێموایە سه‌ردانێكی باش و سه‌ركه‌وتوو بوو بەتایبەتی لەم قۆناغەدا.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆ گووتی: سەرۆك وه‌زیرانی عێراق لە سەردانەكەیدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی ھەرێم كۆبوویەوە و دواتر سەردانی پارێزگای دھۆك، دەروازەی ئیبراھیم خەلیل، كەمپی قادیای كرد ودواتریش سەردانی قەڵای نزاركێ كرد، كە ھێمای بەرخودانی خەڵكی دھۆك و بادینانە لە ئۆپەراسیۆنی بە ناوی ئەنفال، كە خەڵكێكی زۆر بونەتە قوربانی ئەو ئۆراسیۆنانە و لە نزیكەوە چاوی به بەشێك لە كه‌سوكاری قوربانیانی ئەنفال كەوت.
ھەروەھا گوتی: گەشتەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ھەرێم ھەنگاوێكی درووستە بۆ تێگەیشتن لە ئازارەكانی خەڵكی ئێمە و بێگومان ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لە سەر پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا.