ئۆجەلان: ئەوەی پێویست بێت بۆ پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ بکرێت
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، شاندی ئیمراڵی لە ڕاگەیەندراوێکدا باسیان لەوە کرد، تەندروستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆرباشە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی تەمووزی 2025، شاندی ئیمراڵی ڕاگەیەنراوێکیان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و لە سەرەتاوە ئاماژەیان بە دۆخی تەندروستی ئۆجەلان کرد و ڕایانگەیاند، تەندروستی زۆر باشە و دیدارەکەشیان لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمراڵی بەرهەمدار بووە.
دیدارەکە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە و لەو کۆبوونەوەیەدا ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێ و بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنەکان، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربارەی گرنگی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە داوە، کۆبوونەوەکە مێژوویی دەبێت و بە هەمانشێوە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو کۆمیسیۆنەی بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا دابمەزرێت، ڕۆڵێکی کاریگەریی لە ئاراستەی ئاشتی و چارەسەریدا دەگێڕێت.
هاوکات شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوە کردووە، کە هیوا و متمانە و باوەڕی ئۆجەلان بە ڕۆڵی ئەم پرۆسەیە لە دیموکراسی کردنی تورکیا لە ڕادەبەدەر بەهێزە.
یەکشەممە، 6ـی تەممووزی 2025، شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکیی زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەوە.
شاندەکەی ئیمراڵی، پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، کە هەردووکیان پەرلەمانتاری دەم پارتیین لەگەڵ پارێزەر ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ.