ئیسرائیل یەمەنی بۆمباران کرد

درەنگانی شەوی یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل سێ بەندەری دەریایی و وێستگەیەکی کارەبای لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانی یەمەن بۆمباران کرد.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێش بۆمباران کردنی ئەو بەندەر و وێستگەیە هۆشداری دابوو بە چۆڵکردنیان وەک ئامادەکارییەک بۆ بە ئامانجگرتنیان.
سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی حووسییەکان لە بەندەرەکانی حودەیدە، ڕەئس عیسا و سەلیف، هەروەها وێستگەی کارەبای ڕەئس ئەلکەسیب لە یەمەن.
سوپا ئاماژەی بەوەش دا، ئەمە لە وەڵامی هێرشە دووبارەبووەکانی حووسییەکانە بۆ سەر ئیسرائیل.
لای خۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەرکەسێک هەوڵی زیانگەیاندن بە ئیسرائیل بدات، زیانی پێدەگات، هەروەها هەڕەشەی باجێکی قورسی لە حووسییەکان کرد.
میدیاکانی حووسی بڵاویانکردەوە، سوپای ئیسرائیل بەندەرەکانی حودەیدە و ڕەئس عیسا و سەلیف و هەروەها وێستگەی ناوەندیی کارەبای ڕەئس ئەلکەسیب لە شاری حودەیدە کردۆتە ئامانج.
دانیشتوانی ناوچەکە ڕایانگەیاند "بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە دەنگی تەقینەوە شارەکەیان هەژاندووە."