ژمارەی مردووانی لافاوەکەی تێکساس گەیشتە 82 کەس

دووشەممە، 7 تەمووزی 2025، ئاژانسەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند، ژمارەی مردووانی لافاوەکەی تێکساس لە ئەمەریکا، گەیشتە 82 کەس و هێشتا 41 کەسی دیکەش چارەنووسیان نادیارە. لە ناو مردووەکاندا 28 منداڵ هەن.
ئێوارەی یەکشەممە، لاری لیسا، بەڕێوەبەری ناوچەی کییەر، لە هێڵ کانتری ویلایەتی تێکساس، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: 68 هەشت کەس لە ناوچەی کییەر، مردوون و 10 کەسی دیکەش لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی ویلایەتی تێکساس، کە لافاوەکە گرتوونییەتەوە، مردوون. هەروەها تا ئێستا چارەنووسی 41 کەسی دیکەش نادیارە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و ڕایگەیاند "لەوانەیە ڕۆژی هەینیی داهاتوو سەردانی ناوچەکە بکەم و بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ بەرپرسانی تێکساسدا هەیە و لە چۆنییەتی بارودۆخەکە ئاگەدارم دەکەنەوە."
سەرۆکی ئەمەریکا، پێش ئەوەی ویلایەتی نیوجیرسی بەرەو واشنتن بەجێ بهێڵێت، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: لافاوەکەی تێکساس کارەساتێکی گەورە، یەکجار گەورە بوو. خوا پشت و پەنای هەمووان بێت، خوا ویلایەتی تێکساس بپارێزێت.
لافاوەکەی تێکساس گەورەترین زیانی لە کەمپی هاوینەی میستیک، داوە. میستیک، کەمپێکی تایبەت بە کچانی کریستیانە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سەد ساڵ. تا ئێستاش دە کچ لە بەشدارانی کەمپەکە و سەرپەرشتێکی ئافرەت، بزرن و کەسوکارەکانیان بە نیگەرانییەوە چاوەڕێی دۆزینەوەیان دەکەن.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 4ـی تەممووز، بارانی بە لێزەمە و ناکاو، ئاستی ئاوی ڕووباری گوادالوپی لە دووری 140 کیلۆمەتری شاری سان ئەنتۆنیۆ، 9 مەتر بەرز کردەوە. لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی و گەشتیاران، بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکاوە هاتبوونە کەناری ڕووبارەکە و چەندان کەمپی گەنجان و قوتابیانیش لەوێ ساز کرابوون.
نەخشەی ڕووباری گوادالوپی و شوێنی کەمپی هاوینەی میستیک