کەجەکە: ڕێوڕەسمی چەکدانان دوور لە چاوی میدیا و ڕۆژنامەنووسان دەبێت

کۆما جڤاکا کوردستان (کەجەکە) لە بارەی پرۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک لە چەکدارانی پەکەکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە، ئاماژەی داوە، گۆڕانکاریی لە پلانەکەیاندا کراوە و ڕێگە بە هیچ میدیایەک نادرێت ڕێوڕەسمەکە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕووماڵ بکەن.

بەشی ڕاگەیاندن و میدیایی کەجەکە لە ڕێگەی ئیمەیلەوە ڕوونکردنەوەیەکیان بە زمانی ئینگلیزی بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان ناردووە، کە فۆرمی ڕووماڵکردنی ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکەیان پڕکردووتەوە؛ لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، گۆڕانکاریی لە شێوازی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چەکدانان لە سلێمانی کراوە.

هەروەها ئاماژەی داوە، ڕێوڕەسمەکە لە شوێن و کاتی خۆی بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی کەناڵ و میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان دەبێت.

بەگوێرەی ئەو ئیمەیلەی کە کەجەکە بۆ بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی ناردووە و کۆپییەکی ڕوونکردنەوەکە، بە دەست ماڵپەڕی کوردستان24 گەیشتووە، تەواوی ڕێوڕەسمی چەکدانانی ژمارەیەک لە چەکدارانی پەکەکە بە تۆمارکراوی دەبێت و دواتر لە ڕێگەی شاشەیەکەوە لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە نمایش دەکرێت.

پێشتر ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێیتد پرێس لە سەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاو کردبووە، چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی چەکدانانی ئەندامانی پەکەکە لەنێوان 10 بۆ 12ی ئەم مانگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەست پێ بکات، ئەمەش دەبێتە یەکەمین هەنگاوی چەکدانان و نیشاندانی نیازپاکی لەلایەن پەکەکەوە بەرانبەر بە تورکیا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە، پەکەکە چەکەکانی لەناو دەبات نەوەک ڕادەستیان بکات، ئەوانەشی لە یەکەمین هەنگاودا چەکدادەنێن لەنێوان 20 بۆ 30 ئەندام دەبن.