ناتانیاهۆ: لەگەڵ ڕوبیۆ گفتوگۆمان سەبارەت بە بەهێزکردنی هاوپەیمانیەکەمان کرد

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن دی سی کۆبووەتەوە.

ناتانیاهۆ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی:  گفتوگۆی جەوهەری و گرنگمان سەبارەت بە بەهێزکردنی هاوپەیمانی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا و ئەو ئالنگارییە هاوبەشانەی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕووبەڕوومان دەبنەوە کرد.

بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ دوو دیداری لەگەڵ ڕوبیۆ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا کردووە.

ناتانیاهۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەمە سێیەم سەردانمە بۆ لای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەدوای هەڵبژاردنی زیاتر لە شەش مانگ لەمەوبەر.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا و نوێنەرانی هەردوو پارت لە کۆنگرێس و بەرپرسانی باڵای دیکەش گفتوگۆ دەکات.

ناتانیاهۆ ڕوونیشی کردەوە، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئێران کە بە گوتەی بەرپرسانی ئێران زیاتر لە 900 کەسی کوژراون، ئێستا بازنەی ئاشتی زۆر زیاتر لەوەی پێشتر خەیاڵیمان بۆ دەکرد فراوانتر دەکات.

ناتانیاهۆ، دەشڵێت: داهاتوویەکی باش بۆ ئیسرائیل و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیدێت.

سەبارەت بە شەڕی غەززە، نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، شاندێکی دانوستانکاری ناردووە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر.

ئامانج لەم گفتوگۆیانە گەیشتن بە ئاگربەستێک بۆ ماوەی 60 ڕۆژە و لەو ماوەیەدا 10 لە کۆی 20 بارمتەی ئیسرائیلی کە لە ژیاندا ماون، لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون ئازاد دەکرێن.

لە کاتی ئاگربەستەکەدا، بڕیارە هەردوولا دانوستان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە هەمیشەیی شەڕ و ئازادکردنی ئەو بارمتە ماوەتەوە. قەتەر و میسر و ئەمەریکا نێوەندگیری ئەم وتووێژانە دەکەن.

حەماس بەو پێشنیازە رازی بووە، بەڵام داوای هەندێک گۆڕانکاری کرد، ئیسرائیلیش ڕەتی کردەوە.

نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەدا بەبڕیاری گەیشتن بە سێ ئامانج، گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان بە زیندوو و مردوو، نەهێشتنی تواناکانی حەماس و دەرکردنی ئەو ڕێکخراوە لە کەرتی غەززە و دڵنیابوون لەوەی،غەززە چیتر مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست نەکات.

سەردانەکەی نەتانیاهۆ بۆ واشنتن دوای کەمتر لە دوو هەفتە لە کۆتایی هاتنی شەڕێکی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئێران دێت کە لەو ماوەیەدا ئیسرائیل و ئەمەریکا دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان تێکشکاند.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment