رێگەنەدان بە هاتنی گرووپی گەشتیاری بۆ دهۆک زیانی بە کۆمپانیاکان گەیاندووە

رەوشی تەندروستیی دهۆک بەجۆرێکە، رۆژانە زیاتر لە 200 حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆماردەکرێت

K24 - دهۆک

بڕیاری رێگەنەدان بە هاتنی گرووپی گەشتیاری لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی دهۆک، زیانی گەورەی بە کۆمپانیاکانی گەشتیاری گەیاندووە، بەڵام لایەنی تەندروستی پارێزگاکە ئاماژە بەوە دەدات، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵکشانە و نەهاتنی گەشتیاران باشترە.

لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەپێی رێنمایی تەندروستی، هاتنی گرووپە گەشتیارییەکان رێگەپێدراوە جگە لە دهۆک، کە ئەمەش کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر رەوشی گەشتیاری لەو پارێزگایە کردووە.

ئاراز دۆسکی، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری لە دهۆک دەڵێ "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان رێگە بە هاتنی گرووپی گەشتیاری بدرێت، وەکو هەموو شوێنێکی دیکەی جیهان، کە بە رەچاوکردنی رێنماییەکانی تەندروستی، دەتوانی گەشت بکەی... لە وەزارەتی تەندروستی هەر رێنماییەک هەبێت، ئێمەش دەیگەیەنینە گەشتیارانی خۆمان".

رەوشی تەندروستیی دهۆک بەجۆرێکە، رۆژانە زیاتر لە 200 حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆماردەکرێت، تەندروستیی دهۆک دەڵێ ئەگەر رەوشەکە بەو شێوەیە بێت، گەشتیاران نەیەن باشترە.

شەهرام عەزیز، پزیشکە لە دهۆک و باس لەوە دەکات "دهۆک سەرەتا رەوشی زۆر باش بوو لەڕووی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا، بەڵام دوای ئەوەی ئاسانکاری کرا و لە دەڤەرەکانی دیکەوە هاتن، ئیدی ئامارەکان زیاد بوون، بۆیە ژمارەی تووشبووان لە دهۆک زیاتر بوو، پێشبینیش دەکرێت چەند خەڵک زیاتر رووی لێبکەن، ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا روو لە هەڵکشان بکات".

هەتاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە گرووپی گەشتیاری لە پارێزگاکانی عێراقەوە بێنە سنووری پارێزگای دهۆک، بۆیە خاوەن کۆمپانیاکانی گەشتیاری داوا دەکەن، بە رێنمایی تەندروستی رێگەیان پێبدرێت.

 

هـ.ر.