فێستیڤاڵی بازرگانیی زاخۆ دەرفەتی کاری بۆ سەدان کەس رەخساندووە

فێستیڤاڵێکی گەورەی بازرگانی و خۆراک لە شاری زاخۆ کرایەوە و بووەتە هۆی رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ سەدان گەنجی شارەکە. 

لە شاری زاخۆ فێستیڤاڵێکی بازرگانی و خۆراک بە بەشداریی دەیان کۆمپانیا و خاوەن کار کراوەتەوە. ئەم جۆرە چالاکییانە بوونەتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی شارەکە و ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی. 

لە نێو فێستیڤاڵەکەدا چەندین خێزان دەبینرێن بەیەکەوە کار دەکەن و خواردنی کوردەواری بۆ سەردانیکاران ئامادە دەکەن. نەسرین عەبدولقادر وەک شێفێک لە فێستیڤاڵەکەدا کار دەکات و بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە دەرفەتێکی زۆر باشن بۆ ئەوەی بتوانن خواردنە کوردەوارییەکان بە خەڵک بناسێنن و لە هەمان کاتیشدا سەرچاوەیەکی باشی بژێوییە بۆ خێزانەکەیان. 

هەروەها هەیهات خواجە، شێفێکی دیکەی بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە، ئاماژەی بەوە دا، خواستێکی زۆر لەسەر خواردنە خۆماڵی و کوردەوارییەکان هەیە و سەردانیکاران زیاتر روو لەو کەپرانە دەکەن کـــــــــە خواردنی تەندروست و ئامادەکراوی دەستی تێدا دەفرۆشرێت. 

سەبارەت بە ئامانج و قەبارەی فێستیڤاڵەکە، نیوار سلێمان، رێکخەری فێستیڤاڵەکە، روونی کردەوە، نزیکەی 50 کۆمپانیا و براندی جیاواز بەشدارییان لەم چالاکییەدا کردووە. 

نیوار سلێمان باسی لەوەش کرد، بەهۆی کردنەوەی ئەم فێستیڤاڵەوە زیاتر لە 150 بۆ 200 دەرفەتی کاری راستەوخۆ بۆ کچان و کوڕانی زاخۆ رەخساوە، ئەمەش هاوکارێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لە سنوورەکەدا.

شاری زاخۆ لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021ـەوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ. ئەم بڕیارە وای کرد پرۆسەی ئاوەدانی و بوژاندنەوەی ئابووری لە شارەکەدا خێراتر بێت. 

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گرنگییەکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و بازرگانی داوە. نۆژەنکردنەوەی پردی دەلال و دروستکردنی کۆرنیشی زاخۆ، وای کردووە ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە روو لەم شارە بکەن.