پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراق لەم مانگەدا رەوانەی پەرلەمان دەکرێت
پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند کە حکوومەت لەم مانگەدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات و پێشبینی دەکرێت پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ پەسەند بکرێت.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، مستەفا موسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەی ئەم مانگەدا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 ئاراستەی پەرلەمان دەکات بە مەبەستی خوێندنەوە و تاوتوێکردنی، و پێشبینی دەکرێت پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێ پرۆسەی دەنگدان لەسەری کۆتایی بێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
موسەوی ئاماژەی بەوە کرد، بودجەی 2027 لە رووی پێکهاتە و فەلسەفەی داراییەوە جیاواز دەبێت لە ساڵانی رابردوو؛ سەرنجی سەرەکی دەخاتە سەر کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویست و بەکاربەرەکانی حکوومەت لە پاڵ کاراکردنی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان، ئەوەش لە رێگەی گۆڕینی میکانیزمی بودجە لە سیستمی کۆنەوە بۆ شێوازی بودجەی بەرنامەکان، کە هاوسەنگیی زیاتر لەنێوان خەرجی و داهاتەکاندا دروست دەکات.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی، ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی هەموارە بنەڕەتییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ گۆڕینی سیستمی دارایی و چۆنیەتیی داڕشتنی بودجەی نوێی وڵات.