ئێران پاڵەوانێکی زۆرانبازی لەسێدارەدا

دۆناڵد ترەمپ داوای کردبوو لەسێدارە نەدرێت

K24 - هەولێر

سەرەڕای داوای رێکخراو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆناڵد ترەمپ بۆ جێبەجێنەکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پاڵەوانێکی زۆرانبازیی ئێرانی، ئێران ئەمڕۆ زۆرانبازەکەی لەسێدارەدا.

نەوید ئەفکاری، زۆرانبازێکی ئێرانی بوو، لە دادگا تاوانبارکرا بە کوشتنی پاسەوانێک لەکاتی خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەتی ئێران لە ساڵی 2018 و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.

میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە نەوید "ئەمڕۆ لەدوای کۆتاییهێنانی رێکارەکان و لەسەر داوای کەسوکاری کوژراو، لەسێدارەدرا".

کەیسی نەوید دەنگۆیەکی زۆری نابووەوە، کەسوکاری و چالاکوانان دەڵێن نەوید بەهۆی ئەوەی ئەشکەنجەدراوە گەواهیی ناڕاستی داوە، پارێزەرەکەشی دەڵێ "هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنت، ئەو بەڕاستی کەسێکی کوشتووە".

دادگای ئێران رەتیکردووەتەوە نەوید ئەشکەنجەدرابێت.

یەکێتییەکی جیهانیی کە نوێنەرایەتیی 85 هەزار وەرزشوان دەکات، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو داوای کرد ئێران لە پاڵەوانیێتییە جیهانییەکان دووربخرێتەوە، ئەگەر ئەو وەرزشوانە لەسێدارە بدات.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش ئەم مانگە داوای کردبوو نەوید لەسێدارەنەدرێت.

دوێنێ (هەیینی، 11-9-2020) ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ داوای کردبوو بەزووترین کات چارەنووسی نەوید ئەفکاری ئاشکرا بکرێت و لە راگەیەندراوێکدا گوتبووی "بەرپرسانی ئێران دەبێت بەزووترین کات چارەنووس و شوێنی نەوید ئەفکاری ئاشکرا بکەن، ئەو پاڵەوانی زۆرانبازییە و مەترسیی لەسەرە بەنهێنی لەسێدارە بدرێت".

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ هەروەها داوای کردبوو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا، هەوڵبدەن نەوید لەسێدارەنەدرێت.