په‌رله‌مانی عێراق کارنامەی یەکەم کۆبوونەوەی وه‌رزی نوێی یاسادانانی بڵاوكرده‌وه‌

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوێك، دوای ته‌واوبوونی پشووی یاسادانان، بڕیارە شه‌ممه 12ی تەممووزی 2025، په‌رله‌مانی عێراق‌‌ خولی دووه‌می وه‌رزی یاسادانانی ساڵی چواره‌م دەست پێ بکات و چه‌ند پڕۆژه ‌یاسایه‌كیش ده‌خرێنه‌ ده‌نگدان.

به‌گوێره‌ی ئەو کارنامەیەی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەکە كاتژمێر یه‌كی دوای نیوه‌ڕۆی شەممە بەڕێوە دەچێت و حەوت بڕگە لە خۆ دەگرێت، کە سێ لە بڕگەکان دەنگدانە لەسەر پرۆژە یاسا و چوار بڕگەکەی دیکەش خوێندنەوەیە بۆ چەند پرۆژە یاسایەک.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ماددەی 26ی پێشنیازە یاسای سەندیکای پرۆگرامسازانی عێراق دەخرێتە دەنگدان، کە لەلایەن لیژنەی کار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێشکەش کراوە، هەروەها ماددەی 42ی پرۆژە یاسای تەندروستی دەروونی وماددەی 21 پرۆژە یاسای خۆپارێزی لە زیانەکانی توتن دەخرێنە دەنگدان، کە لەلایەن لیژنەی تەندروستی پێشکەشکراون.

لە بڕگەکانی دیکەی کۆبوونەوەی پەرلەمان، خوێندنەوە بۆ پێشنیازە ‌یاسای یەکێتیی نەخۆشخانە تایبەتەکانی عێراق، هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی نیشتمانی چاودێری ئەتۆم و تیکشدانەوەی کیمیایی و بایۆلۆجی دەکرێت.

هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری قەرەبوو کردنەوەی ئەو کەسانە دەکرێت، کە سەردەمی ڕژێمی بەعس ئەندامێکی جەستەیان لەدەستداوە و بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت. 

لە کۆتا بڕکەشدا پرۆژە ڕاپۆرتی پرۆژە یاسای ڕێککەوتننامەی پاراستنی ماددەی ئەتۆمییەکان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت.