پارێزگاری هەولێر: 85 پاڵاوگە داخراون و 43 کەسیش دەستگیر کراون

ڕێوشوێنە توندەکانی پاککردنەوەی ژینگە و گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان لە دژی پاڵاوگە نایاساییەکان و خاوەنەکانیان بەردەوامە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر زاری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بڵاوی کردەوە، بەهۆی سەرپێچی پاڵاوگەکان، لە ناوەندی پارێزگای هەولێر،  43 کەس بەبڕیاری دادگا دەستگیر کراون، هەروەها 85 پاڵاوگەش داخراون.

ئومێد خۆشناو، گوتیەتی: شەش پاڵاوگە لە سنووری شارۆچکەی قوشتەپە هەڵگیراون، پاڵاوگەیەک داخراوە و 15 پاڵاوگەش دوای داخستنیان، لەلایەن لیژنەی ژینگەی هەولێر و پارێزگای هەولێر کراونەتەوە، کە بەپێی ڕێنمایی ژینگەی هەولێر کار دەکەن.

ڕاشیگەیاندووە، لە درێژەی ڕێکارەکان، دوو خاوەن پاڵاوگە دراونەتە دادگا و خاوەن پاڵاوگەیەک دەستگیر کراوە و ڕێکارەکانیش بەردەوامن.

گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژ بە سەرپێچیکارانی لە پاڵاوگەکان پەیوەستە بە بڕیارێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەر پاڵاوگەیەک پابەندیی ڕێنماییە ژینگەییەکان نەبێت، دەبێت دابخرێت و خاوەنەکانیشیان دەستگیر بکرێن.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment