ئەردۆغان: تورک و کورد و تەواوی گەلی تورکیا براوەی پرۆسەی ئاشتیین

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەکۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی ئاکپارتی لەپەرلەمانی تورکیا، ڕایگەیاند، لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدار و بنیاتنەرییان کردووە.

چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، سەرەتا دەگەین بەئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر و دواتریش دەگەین بەناوچەیەکی بێ تیرۆر، دۆست و دوژمن شاهێدی ئەم ڕۆژانە دەبن، گوتیشی: هیچ هەنگاوێک لەئارادا نییە و ناشنرێت، لە هەوڵەکانی بنیاتنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر کە ئازاری ڕۆحی شەهیدەکانمان بدات.

ئەردۆغان دەشڵێت: ڕۆژی دووشەممە، پێشوازیمان لە شاندی دەم پارتی کرد، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدار و بنیاتنەر و دڵسۆزانەمان هەبوو. ئێمە ئیرادەی خۆمان دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکەمان کە تورکیایەکی بێ تیرۆرە.

ڕوونیشی کردەوە، هیوادارین ئەم پڕۆسە بەختەوەرە بە زووترین کات بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبێت، بەبێ ئەوەی هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات، ڕێگەش بە تێکدانی پرۆسەکە نادەین، پشتیوان بەخوا جارێکی دیکە ئەو مژدە مێژووییە بە گەلەکەمان دەدەین کە دەیان ساڵە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەن، ئێمە تورکیا لە بەڵایەکی نیو سەدەیی ڕزگار دەکەین. کاتێک دیواری تیرۆر ڕووخا، هەموو شتێک زۆر جیاواز دەبێت، براوەی سەرکەوتنی پرۆسەکە تورک و کورد و تەواوی تورکیا دەبن.

سەرچاوەیەک لە دەم پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆژی هەینی، 11ـی تەممووزی 2025، ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

گوتیشی: شاندێکی پارتەکەشییان ڕۆژی پێنجشەممە، دەگەنە هەرێم و بۆ ڕۆژی هەینی ئامادەی ڕێورەسمەکە دەبن، هەروەها بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و گوتی: دروستكردنی میكانیزمی چه‌ك دانان، پرۆسه‌كه به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات. ئه‌وەی دەکرێت هه‌نگاوێكی دڵخوازانه‌یه‌ له‌ قۆناغی تێكۆشانی چه‌كدارییه‌وه‌ به‌ره‌و قۆناغی حقوقی و سیاسه‌تی دیموكراتیانه‌. ئه‌مه‌ نه‌ك به‌ شكست، به‌ڵكو ده‌بێت به‌سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویی بزانرێت. ورده‌كاری چه‌ك دانان ده‌ستنیشان ده‌كرێن وبه‌ خێرایی پراكتیزه‌ ده‌كرێن.

لە پەیامەکەیدا ڕاشیگەیاند، لێرەدا كۆتایی بە خەباتی پەکەکە دەهێنین، کە وەک کاردانەوەیەک له‌دژی نكۆڵیكردن له‌ هه‌بوونی کورد دروست بوو،  بەئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا ستراتیژییەکەی شه‌ڕی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی بوو. گوتیشی: ئێدی دان بە هەبوونی گەلی کورد دا نراوە و لەم سۆنگه‌یه‌وه‌ ئامانجە سەرەکییەکە بەدی هاتووە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment