وادەی نوێی کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئیمراڵی و وەزیری داد ڕاگەیەندرا

هەرچەندە وا بڕیاربوو، دوێنێ سێشەممە، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ یلماز تونج، وەزیری دادی تورکیا کۆببنەوە و تاوتوێی چاکسازییە یاساییەکانی پرۆسەی نوێێ ئاشتی بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکە هەڵوەشایەوە.
لەنوێترین لێدوانیدا، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاندووە، بەهۆی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ئەو سەربازانەی لە "هەرێمی کوردستان" ژەهراوی بوون کۆبوونەوەکە دواخرا.
گوتیشی، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ شاندەکە کۆدەبێتەوە. هاوکات شاندی ئیمرالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار، وابڕیار بوو لەگەڵ وەزیری داد کۆببنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە لەنوێترین پەیامیدا ئۆجەلان جەختی لە فەراهەم کردنی زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەکە کردەوە.
بڕیاربوو دوێنێ سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، یلماز تونج، وەزیری دادی تورکیا و شاندی دەم پاری بۆ ئیمراڵی کاتژمێر 1:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ کۆببنەوە و باس لە هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتیی و قۆناغی چەکدانانی پەکەکە بکەن. بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.