تورکیا کەشتی گەڕان بە دوای گاز لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکشێنێتەوە
یۆنان پێشوازی لەو هەوڵەی تورکیا دەکات
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، کەشتی ئۆرۆچ رەیسی تورکیا بۆ بەدواداگەڕانی گازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گەڕایەوە وڵاتەکەی.
کەشتی بەدواداگەڕانی ئۆروچ رەیس درەنگانی شەوی رابردوو بەرەو بەندەری ئەنتاڵیای تورکیا گەڕایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گرژییەکان لەنێوان یۆنان و تورکیا بەردەوامن.
لەوبارەیەوە سێتلیلۆس بیتساس، گوتەبێژی حکومەتی یۆنان گەڕانەوەی ئەو کەشتییە تورکیە بە هەوڵێکی ئەرێنی ناودەبات.
ئەمە لە کاتێکدایە، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانی سەردانی قوبرس رایگەیاند، هانی تورکیا دەدەن کۆتایی بە چالاکییەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بهێنێت، کە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ لە ناوچەکە و داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەری دۆخەکە بکەن.
پۆمپێیۆ ئاماژەی بەوەش دا، هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو زیان بە یەکگرتوویی ناتۆ دەگەیەنێت.