گەورەترین پاڵەوانێتی لەشجوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە هەولێر دەكرێت
ئۆتۆمبێلێك و چەندان خەڵاتی دیكە بۆ براوەكان ئامادە كراوە
پاڵەوانێتی لەشجوانی لەسەر ئاستی سەرجەم هۆڵەكانی عێراق لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەچێت، ئۆتۆمبێلێكی سفر كیلۆمەتر لەگەڵ چەندان خەڵاتی دیكە بۆ براوەكان ئامادە كراوە.
فیدراسیۆنی لەشجوانی لێهاتوویی جەستەیی لقی هەولێر بە هاوكاری فیدراسیۆنی لەشجوانی نیشتیمانی عێراق، لەژێر ناونیشانی (پاڵەوانێتی هەولێری كراوە) پاڵەوانێتییەكی لەشجوانی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان رێكخستووە كە تێیدا دەرفەت بۆ سەرجەم هۆڵە وەرزشییەكانی عێراق رەخساوە بەشداریی لەو پاڵەوانێتییە بكەن، پاڵەوانێتییەكەش سبەی هەینی كاتژمێر 09:30ـی بەیانی لە هۆڵی پێشەوا لەنێو وەزارەتی رۆشنبیری لە هەولێر دەست پێ دەكات و ماوەی پاڵەوانێتییەكەش دوو رۆژ دەخایەنێت.
هانی تەها، سەرۆكی فیدراسیۆنی لەشجوانی لێهاتوویی جەستەیی لقی هەولێر بە كوردستان24ـی راگەیاند ئەو پاڵەوانێتییە بە گەورەترین پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەژمار دەكرێت، لەڕووی خەڵاتە مادییەكانیش یەكەمجارە لە پاڵەوانێتی لەشجوانی ئۆتۆمبێل وەكو خەڵات دەبەخشرێت.
هانی تەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات تەواوی ستافی سەرپەرشتیار و ئەندامان و کادیرانی پاڵەوانێتییەكە خەڵکی شاری هەولێرن و هیچ کەسێکی بیانی تێدا نییە، دەشڵێت: بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەكی گەورە بە سەرپەرشتیارانی نێوخۆیی، دەرخەری ئەوەیە کە ئەم شارە لە ڕووی ئیداری و هونەری لە یاری لەشجوانی پێشکەوتنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و هەوڵی جددی دراوە بۆ ئەوەی کادیری بە توانا دروست بکرێت.
پاڵەوانێتی هەولێری كراوە بۆ لەشجوانی لە پێنج ڕشتە پێكهاتووە (ماسكڵر، فیزیك، بەدی كلاسیك، بەدی بڵدینگ و فیزیك كلاسیك)، بۆ هەر یەكێك لەم ڕشتە و كێبڕكێیە خەڵاتی تایبەتی بۆ ئامادە كراوە، بەڵام كێبڕكی بەدی بیڵدینگ، یەكەمی سەر یەكەمەكان گەورەترین خەڵات وەردەگرێت كە ئۆتۆمبێڵێكی سفر كیلۆمەترە.