وەزیری بەرگریی ئەمەریکا: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیاتر دروست دەکەین
پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک زیاد بکەن لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە جیهانییەکان کە لە پەرەسەندندان.
هێگسێس دوێنێ پێنجشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، ز بەرهەمهێنانی درۆن لە وڵاتەکەیان زیاد دەکەن.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەڵێت: فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گەورەترین داهێنانە لە بەرەکانی شەڕدا لەم سەردەمەدا و بوونەتە هۆی قوربانیی زۆر لە ئۆکرانیا، دەشڵێت: نەیارەکانمان ساڵانە ملیۆنان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان بەرهەمدەهێنن، بەرهەمهێنانی جیهانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازییش لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە، بەڵام ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا ڕێکارەکانی بیرۆکراسی توندتر کردبوو".
پیت هێگسێس بۆ ڕۆژنامەی (واشنتن ئیگزامینەیر)دووپاتی کردەوە، سوپا لەسەر سێ ڕەگەزی سەرەکی کاردەکات، ئەوانیش پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئەمەریکا، هەروەها پشتیوانیی کردنی هەوڵەکانی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای تایبەت و ڕاهێنانەکانی شێوازیی بەکارهێنانیان بۆ ئەوەی بتوانرێت بە باشترین شێوە لە بەرەکانی جەنگ ڕووبەڕووی دوژمن بێتەوە.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا زیاتر گوتی: تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زۆر بەخێرایی پێشکەوت، ئەوەی مەترسیی سەرەکییە لە بەرهەمهێنانەکە، دوو دڵیمانە لەوەی فڕۆکەکە دووچاری مەترسیی بێتەوە لە بەرەی جەنگدا.
ڕووسیا و ئۆکرانیا لە بەرەی پێشەوەی جەنگی نێوانیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زۆر بەکار دێنن و وڵاتانیش هاوکاریی هەردوولا دەکەن لەو بارەوە.