پەکەکە لە دامەزراندنەوە تا چەکدانان

دوای 41 ساڵ لە چالاکی چەکداری، دواجار لە چوارچێوەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا، یەکەم پۆلە چەکداری پەکەکە پرۆسەی چەکدانانی جێبەجێ کرد و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، پرۆسەکە بە هەنگاوێکی گرنگ ناو دەبات.
بڕیارە سبەی شەممە 12ـی تەممووزی 2025، سەرۆکی تورکیا پەیامێکی گرنگ لە بارەی پرۆسەی ئاشتی بڵاو بکاتەوە و بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا پەیامەکە مێژووی دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە دوای 27ـی شوباتی ئەمساڵ و یەکەم پەیامی ئۆجەلان، زیاتر لە چوار مانگ بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تێدەپەڕێت.
پەکەکە لە دامەزراندنەوە تا چەکدانان
پارتی کرێکارانی کوردستان پارتێکی کوردیی باکووری کوردستانە و لە دوای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1978، لە ڕۆژی 27//11/1978 لە گوندی فیسی سەر بە شارۆچکەی لجەی سەر بە پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان یەکەم کۆنگرەی بە بەشداری 23 ئەندام بەست.
ئەندامانی یەکەمین کۆنگرەی پەکەکە:
1.عەبدوڵڵا ئۆجەلان
2.سەکینە جانسز
3.کەسیرە یڵدرم
4.عەلی حەیدەر قەیتان
5.ھاکی کارەر
6.جەمیل بایک
7.دوران کالکان
8.مەزڵووم دۆغان
9.فەرھاد کورتای
10. محەممەد خەیری دورموش
11. فاروق ئۆزدەمیر
12. فەرزەندە تاغاچ
13. عەبدوڵڵا کومرال
14. شاھین دۆنمەز
15. عەلی چەتینەر
16. حوسێن تۆکگوولەر
17. عەلی گوربوز
18. ڕەسووڵ ئالتیۆک
19. سەیفەددین زوغورلو
20. سوبحی کاراکۆش
21. محەممەد جاھید شەنەر
22. محەممەد دوران
23. عەباس گۆکتاش
ناونانی پارتی کرێکارانی کوردستان
بەر لە دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ژێر ناوی ئاپۆچییەکان چالاکییەکانیان بەڕێوە دەبرد، بەڵام لە یەکەمین کۆنگرەدا، فەرھاد کورتای ئەندامی کۆنگرە ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان پێشنیاز کرد و لەو کۆنگرەیەدا پەسەند کرا.
دەستپێکردنی خەباتی چەکداری

پارتی کرێکارانی کوردستان لە دوای کودەتای سەربازی توركیا له 12/9/1980 به سهكردایهتی كهنعان ئیڤرن، خەباتی سیاسی بۆ چەکداری گۆڕا، بەڵام دوای کودەتا بەشێکی ئەندامەکانی پەکەکە کوژران، بەشێکیشیان دەستگیر کران و ئەوانەشی ڕزگاریان بوو، لە سەرەتای ساڵی 1981 ڕوویان لە لوبنان کرد، لەوێ لەلایەن گرووپە شۆڕشگێرەکانی وەک نایف حەواتمە و جۆرج حەبەش و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی فەڵەستین پشتیوانی کران و داڵدە دران.
لە کۆنگرەی دووەم تاوەکوو یازدە
ساڵی 1982 دووەمین کۆنگرەی بەست و لەو کۆنگرەیەدا بڕیار درا لەسەر گەڕانەوەی گرووپە ڕاھێنراوەکانی پەکەکە بۆ باکووری کوردستان و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی شەڕی چەکداری، ئەو گرووپە ڕاھێنراوانەی پەکەکە لە دوای گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان پردی پەیوەندییان لە نێوان باکوور و لوبناندا دروست کرد و پۆل پۆل کەسان و لایەنگرانی خۆیان دەنارد بۆ ڕاھێنان بۆ لوبنان، ئەمەش وایکرد شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا دەست پێبکات.
دوای ئەوەی ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی پەکەکە لەلایەن تورکیاوە دەستگیر کراون، لە ساڵی 1984، پەکەکە ھێزی ڕزگاریی کوردستان (ھەرەکە)ـی دامەزراند و لە 15ـی ئابی 1984دا بە فەرمی شەڕی چەکداری بە فەرماندەیی مەعسووم کۆرکوماز ناسراو بە (عەگید) لە سنووری شاری شەمزینانی باکووری کوردستان دەست پێکرد.
لە 28ی ئاداری 1986 لە دوای چەند شەڕ و پێکدادانێکی قورس عەگید لە چیای گابار کوژرا، لە دوای ئەمە پەکەکە سێیەمین کۆنگرەی بەست و ھێزی ڕزگاری کوردستانی بە هێزی ڕزگاریی گەلی کوردستان (ئەرگەکە) ڕاگەیاند و فێرگەیەکی چەکداری بە ناوی مەعسووم کۆرکوماز (عەگید) دامەزراند.
لە دەیەی نۆیهمی سەدەی ڕابردوو، پارتی کرێکارانی کوردستان جگە لە لوبنان، چەند بنکەیەکی لە لە سووریا کردەوە، بە تایبەت لە دیمەشق، هەر ئەمەش وایکرد ئۆجەلان لە لوبنانەوە بەرەو شام بگەڕێتەوە.

ئاگربەستەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا
لە 19ـی ئاداری 1993، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بوقاعی لوبنان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی کرد و لەلایەن پەکەکەوە ئاگربەست ڕاگەیاندرا، بەڵام لە 17ـی نیسانی هەمان ساڵدا، دوای کوژرانی تورگۆت ئۆزال ئاگربەستی نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا کۆتایی ھات و شەڕ و پێکدادان دەستی پێکردەوە.
جارێکی دیکە پەکەکە لە ساڵی 1996ـدا لە ڕۆژی ئاشتیی جیھانی ئاگربەستی شەڕی ڕاگەیاند، بەڵام بەھۆی ھەوڵی کوشتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژ کراوەوە، ئاگربەستەکە کۆتایی پێھات. بەھۆی گوشارەکانی تورکیاوە حکوومەتی دیمەشق داوای لە ئۆجەلان سووریا جێ بھێڵێت و لە 9ـی تشرینی یەکەمی 1998، عەبدوڵڵا ئۆجەلان سووریای بەجێ ھێشت.
دەستگیرکردنی ئۆجەلان

عەبدوڵڵا ئۆجەلان له نایرۆبی پایتەختی کینیا بوو کاتێک لە بارەگای باڵیۆزخانەی یۆنانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی شارەکە بەڕێ کەوت لەلایەن تیمێکی تایبەتی هەواڵگری تورکیاوە (میت) دەستگیر کرا و لە 15ـی شوباتی 1999دا ئۆجەلان بۆ تورکیا گواسترایهوه.
پەکەکە لە دوای ڕفاندنی ئۆجەلان، حەوتەمین کۆنگرەی بە نائاسایی بەڕێوە برد، تاوەکوو ساڵی 2021، پارتی کرێکارانی کوردستان 11 کۆنگرەی بەڕێوە بردووە و 9 جار تاکلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە و سێ جار لۆگۆی پارتەکەی گۆڕیوە.
لە دوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردایەتی پەکەکە لەلایەن دەستەیەک بە ناوی کۆنسەی ڕێڤەبەری بەڕێوە دەبرێ، کە موراد قەرەیلان و جەمیل بایکەوە سەرۆکایەتیی دەکەن.
پرۆسەی ئاشتی 2013
لە 21ـی ئاداری 2013 لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری لە ئامەد، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی بهڕێوه چوو و پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە خوێنرایەوە و تێیدا داوای کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و دەست پێکردنی خەباتی سیاسی تورکیا کرد.
لە دوای ئەو پەیامە، چەکدارانی پەکەکە لە باکووری کوردستان کشانەوە و لە پەرلەمانی تورکیاش لیژنەیەک بە ناو "کۆمیسیۆنی چارەسەر"، پێك هێنرا، بەڵام جارێکی دیکە پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبوو شەڕ لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا دەستی پێکردەوە.
پرۆسەی نوێی ئاشتی و کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان

کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، کۆبوونەوەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی بەڕێوەچوو؛ دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، شاندەکەی دەم پارتی لە هۆتێل "ئێلیت وۆرڵد"ـی ئیستانبوڵ بە ئامادەبوونی زیاتر لە 300 ڕۆژنامەنووسی ناوخۆیی و بیانی، پەیامەکەی ئۆجەلانی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە هەردوو زمانی تورکی و کوردی بۆ ڕای گشتی خوێندهوه.
لە پەیامەکەیدا ئۆجەلان، داوای چەکدانان و بەستنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد؛ ڕاشیگەیاند، بەرپرسیاریەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتیی دەکات.

لە وەڵامی پەیامەکەی ئۆجەلان، میدیاکانی سەر بە پەکەکە ڕاگەیاندنی ئاگربەستیان بڵاو کردەوە و پابەندبوونیان بە ناوەرۆکی بانگەوازەکە و جێبەجێکردنی ڕاگەیاند.
ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی بڵاو کردەوە، کە لە ڕۆژانی 5 بۆ 7ـی هەمان مانگ بەستبوویان، لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەدا، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

جارێکی دیکە و لە ڕۆژی چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، پەیامێکی دیکەی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بڵاو کرایەوە و دووجار وەک قۆناغێکی دیکەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە، لە سنووری سوورداشی پارێزگای سلێمانی بە بەشداری 30 چەکدار دوای خوێندنەوەی پەیامی چەکدانانیان، 30 پارچە چەکیان سووتاند.