كازمی پشتگیری خۆی بۆ بەیاننامەکەی سیستانی راگەیاند
جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردووە
K24 - ھەولێر
مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق پێشوازى لە بەیاننامەکەى عەلى سیستانى گەورە مەرجەعى شیعەکان کرد، لەبارەى پێویستى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە، دووپاتیشیکردەوە، حکومەت بەردەوام دەبێت لەو هەنگاوانەى دەستیپێکردووە بۆ پارێزگارى لە شکۆى وڵات و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى.
دوێنێ یەكشەممە 13/9/2020، عەلى سیستانى مەرجەعی باڵای شیعەکان و جنین هانس پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کۆبوونەوە و جەختییان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی خۆیدا کردەوە.
جنین هانس پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەگەر ھەڵبژاردنەکان دوابخرێن یان ئامادەکاری تەواو بۆ ھەڵبژاردنەکان نەکرێت و وەڵامی داخوازییەکانی خەڵکی نەدەنەوە، عێراق رووبەڕووی ھەڕەشەیەکی زۆر گەورە دەبێتەوە".
گوتیشی: "دواخستنی ھەڵبژاردنەکان یان ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەك کە لەگەڵ داخوازییەکان و قۆناغەکەش نەگونجێت، عێراق دەخاتە بەردەم ھەڕشەییهكی زۆر گەورە. سیستانیش داوای لە حکومەت کرد کە کار بکات بۆ گەراندنەوەی رێز بۆ دەوڵەت و ھەموو چەکە نایاساییەکان بخاتەوە ژێر دەستی خۆی، ئەدا و کاری ھێزە ئەمنیەکان باشتر بکات. کار بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان. داوای لە حکومەتی عێراقیش کرد، دۆسییهكانی گەندەڵی بکاتەوە، بەمەش ناو و دۆسیەی ئەو کەسانەی کە تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە و خەڵکیان تیرۆر کردووە، ئاشکرا بکات. واتە سەماحەتی سیستاتی داوای داپەروەری و بەرپرسیارێتی کرد".