تۆم باراک: ناکۆکیی نێوان هەسەدە و دیمەشق بەردەوامە

تۆم باراك، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا
تۆم باراك، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا

نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا دەڵێت: دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە کە هەسەدە لە تێکەڵبوون بە حکوومەتی سووریا، دەرفەتێکی ڕێزلێگیراوی پێ دەدرێت، هەروەها متمانەی تەواویان بە دیمەشق هەیە.

هەینی 11ـی تەممووزی 2025، تۆم باراك، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا بە ئاژانسی ئەسۆشییەتید پرێسی ڕاگەیاند، حکوومەتی سووریا لەگەڵ هەسەدە لەسەر پلانی تێکەڵکردنی هێزەکانیان ناکۆکن.

نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا، گوتی: "دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە کە هەسەدە لە تێکەڵبوون بە حکوومەتی سووریا، دەرفەتێکی ڕێزلێگیراوی پێ دەدرێت، هەروەها ئێمە متمانەی تەواومان بە دیمەشق هەیە".

باسی لەوەش کرد، هەسەدە وا بیر دەکاتەوە ئەمەریکا پێویستە هاوسۆزی بێت، بەڵام گەر داوکارییەکانیان لۆژیکی نەبن، واشنتن ناچار نییە هاوسۆیان بێت.

جەختیشی کردەوە، ڕێگە بە هەسەدە نادرێت حکوومەت لەناو حکوومەت دروست بکات. تۆم باراك، دەشڵێت: هیچ بەرەوپێشچوونێك لە گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و کوردی ڕۆژئاوادا نییە.

ناوبراو لەبارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریاوە، ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکە، ئازایەتی نیشان داوە بەوەی هەلێکی دیکەی پێ داون. گوتیشی: ئەمەریکا لە کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا پەلە ناکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment