ناتانیاهۆ، مەرجەکانی خۆی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند

بنیامین  ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرئیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرئیل

ناتانیاهۆ مەرجەکانی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند و یەکێک لە مەرجەکانیشی ئەوەیە، نابێت ئێران خاوەنی ئەو جۆرە مووشەکە بالیستیانە بێت، کە توانای گەیشتنیان بە خاکی ئیسرائیل هەیە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیووزی ئەمەریکی، کە هەفتەی پشوو تومار کراوە و شەوی ڕابردوو بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاندووە "پشتیوانی لە ڕێککەوتنێکی 'تایبەت' لەگەڵ ئێران دەکەم، کە ئەم سێ مەرجە لەخۆ بگرێت، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، وەک سەرۆک ترەمپ و من جەختی لەسەر دەکەینەوە. هەروەها قەدەغەکردنی ئێران لەوەی خاوەنی مووشەکی بالیستیی بێت کە دووری زیاتر لە 480 کیلۆمەتر ببڕێت، ئەوەش بە گوێرەی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، مەرجی سێیەمیش دەبێت ئێران دەستبەرداری تیرۆر بێت."

ڕوون نییە مەبەستی ناتانیاهۆ لە 'ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان' کە مەودای مووشەک بە 480  کیلۆمەتر دیاری دەکەن، چییە؟ بەڵام ڕەنگە مەبەستی بە 'سیستەمی کۆنترۆڵی تەکنۆلۆجیای مووشەک' بێت کە لێکگەیشتنێکی نافەرمیی نێوان 35 وڵاتە بە مەبەستی سنووردارکردنی تەکنۆلۆجیای مووشەکە دوورمەوداکان. ئەو لێکگەیشتنە کە ئێران تێیدا ئەندام نییە، دەربارەی ئەو مووشەک و درۆنانەیە کە مەودایان زیاتر لە 300 کیلۆمەترە و توانای هەڵگرتنی بڕی تەقینەوەی زیاتر لە 500 کیلۆگرامیان هەیە.

 
Fly Erbil Advertisment