ئەردۆغان: کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکدەهێنین

سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت: وەک هەنگاوی یەکەم بۆ پرۆسەی ئاشتی و چاکسازییە یاساییەکان، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان پێکدەهێنین. گوتیشی: ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی دەیانەوێت پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت.
یەکشەممە 13ـی تەممووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، مافی هیچ لایەنێک نییە پرۆسەی ئاشتی تێکبدات، هەروەها ئێستا ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی دەیانەوێت پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕایگەیاند: وەک هەنگاوی یەکەم بۆ پرۆسەی ئاشتی و چاکسازییە یاساییەکان، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان پێکدەهێنین.
باسی لەوەش کرد، دەبێت تەواوی لایەنەکان پاڵپشتیی لە هەنگاوەکانی پەرلەمانی وڵاتەکە بکەن. دەشڵێت: "دەرگەی سەردەمێکی نوێی بە ڕووی تورکیادا کراوەتەوە، ئێمە ئامانجەکانی سەدەی نوێی تورکیا، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ڕاستی دەبەین".
ئەردۆغان، گوتی: لەوانە تێدەگەین کە تا ئێستا بەرانبەر بە پرۆسەکە گومانیان هەیە، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان بۆ کەمکردنەوەی ئەو گومانانەیان دەخەینە گەڕ.
جەختی لەوە کردەوە، دۆستان و برایانیان پەیامەکانیان لەبارەی "تورکیای بێ تیرۆر" ئەرێنی بووە و پاڵپشتیش لە پرۆسەکە دەکەن. گوتیشی: پرۆسەکە بووەتە مایەی ترس بۆ ڕکابەر و نەیارەکانمان.
سەرەنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، زۆر گرنگە ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی، تا کۆتایی پاڵپشتیی لە پرۆسەی ئاشتی بکەن و درێژەی پێ بدەن، چونکە پرۆسەیەکی زۆر چارەنووسساز و گرنگە.
هەینی 11ـی تەممووزی 2025، پرۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دوکان، کە ژمارەیان 30 کەس بوون، وەک نیازپاکی لە بەرانبەر پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.
لە بەرانبەردا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی قۆناغی یەکەمی چەکدانانی گرووپەکە ڕایگەیاند، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیا هەڵدرایەوە و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە پشتیوانیی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی کردووە.