"کورتهێنانی بودجەی عێراق لە نیوەی قەبارەکەی زیاترە"
قەبارەی پڕۆژە بودجەی 2020 نزیکەی 148 ترلیۆن دینارە
K24 - ھەولێر
بە گوێرەی ژمارەکانی پڕۆژە بودجەی 2020 کورتهێنان دەگاتە نیوەی قەبارەکەی، کە ئەوەش ژمارەیەکی گەورەیە و هاوشێوەی نەبووە.
عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژە بودجەی ئەمساڵ بودجە نییە، بەڵکو داڕشتنێکە کە قەبارەی کورتهێنان دەگاتە 81 ترلیۆن دینار لە کۆی بودجەکەدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، کۆی قەرزی ناوخۆ و دەرەکی لە پڕۆژە بودەی 2020 دەگاتە 27 ترلیۆن دینار و کە بە مەبەستی خەرجی گشتی وەرگیراون.
ئەمە لە کاتێکدایە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردبووەوە، قەبارەی پڕۆژە بودجەی ئەمساڵ نزیکەی 148 ترلیۆن دینار دەبێت. کە کۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی لە تێکڕای ساڵەکە لە پڕۆژە بودجەدا 67 ترلیۆن دینارە و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێتە کورتهێنان.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، رێژەی کورتهێنان لە بودجەکەدا دەگاتە 54% لە کاتێکدا لە ساڵی 2019 کورتهێنان 20% بوو.
دوێنێ دووشەممە 14/9/2020، حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر پڕۆژەی بودجەی ئەمساڵ دەربڕی و رەوانەی پەرلەمانی کرد.