ناتانیاهۆ: فەرمانمان کردووە هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرئیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرئیل

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە پارێزگای سوەیدا. سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانیش دەڵێت: ئەمەریکا لە ‌هێرشەکان ئاگادار کراوەتەوە. 

سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، هێرش بکەنە سەر ئەو هێزانەی حکوومەتی سووریا کە چوونەتە ناو پارێزگای سوەیدا.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیشی کردووەتەوە، چوونی هێزەکانی حکوومەتی سووریا بۆ نێو پارێزگای سوەیدا پێشێلکردنی ڕێککەوتنی چەکداماڵینە کە پێشتر ڕاگەیەنراوە. جەختیشی کردووەتەوە، پابەندن بە پاراستنی دروزەکانی سووریا لەسەر بنەمای برایەتیی هاوبەشیان لەگەڵ دروزەکانی ئیسرائیل. 

هاوکات سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران ناتانیاهۆ، چەک، تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی حکوومەتی سووریایان لە پارێزگای سوەیدا بۆمباران کردووە. 

لە لایەکی دیکەوە کەناڵ 14ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی بووە. 

میدیاکانی سووریاش بڵاویانکردووەتەوە، لە ئەنجامی بۆمبارانەکانی ئیسرائیل، ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بریندار بوون. 

ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، دوای شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی دروزی و چەکدارانی ھۆزە عەرەبەکان لە پارێزگای سوەیدا کە ژمارەیکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە، بە مەبەستی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاکە، ھێزێکی زۆری ئەمنیی حکوومەتی سووریا چوونە نێو پارێزگای سوەیدا.

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ڕۆحانی دروزییەکانیش لەوبارەوە ڕایگەیاند: "سەبارەت بە ھاتنی ھێزەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی بۆ ناو پارێزگای سوەیدا لە پێناو کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایشی پارێزگاکە، خۆشحاڵین".

ھەروەھا داواشی لە گرووپە چەکدارەکان کردووە کە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکاندا ھاوکاربن، لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاکەدا.

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ڕۆحانی دروزییەکان داواشی کردووە کە ڕووداوەکانی پارێزگای سوەیدا لە رێگای گفتوگۆوە لەگەڵ حکوومەت، چارە بکرێن.

لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی دروزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەریهەڵداوە و هێشتاش کۆنترۆڵ نەکراوە. پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی ئاینیی دروزەکانە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.