شاندی دەم پارتی و وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە

لۆگۆی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)
لۆگۆی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)

بۆ جاری یەکەم لە دوای چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە، شاندی ئیمراڵی و وەزیری دادی تورکیا کۆدەبنەوە.

میدیاکانی نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بڵاویانکردووەتەوە، سبەینێ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی چاکسازییە یاساییەکانی پرۆسەی نوێێ ئاشتی دەکەن. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەو شـاندەی ئیمراڵی کە لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوە، لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا؛ میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی و فایق ئۆزگور ئێرۆڵ، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پێکهاتووە.

ئەم کۆبوونەوەیەی سبەینێ دەکرێت، بڕیاربوو هەفتەی ڕابردوو بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە، دواخرا. 

پێشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو (11ـی تەممووزی 2025) گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.  

چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت. 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.  پەکەکەش لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

 
Fly Erbil Advertisment