لە 24 کاتژمێردا زیاتر لە 350 فەڵەستینی کوژران و برینداربوون

لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل 93 کەس کوژراون و 278 کەسیش برینداربوون، کە شەش کەسیان لە کاتی چوون بۆ ناوەندەکانی فریاگوزاری و گەڕانەوەیان گیانیان لەدەستداوە.

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا 875 فەڵەستینی لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان کوژراون، کە 201 کەسیان لە ڕێڕەوی کاروانەکان و 674 کەسیان لە نزیک شوێنەکانی هاوکاری مرۆیی کراونەتە ئامانج.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، ژمارەی کوژراوان بۆ 58 هەزار و 479 کەس بەرزبووەتەوە و 139 هەزار و 355 کەسی دیکەش برینداربوون.

لای خۆشیەوە حەماس هؤشداری لە دارمانی تەواوەتی کەرتی تەندروستی لە غەززە دا.

ڕۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، ڕێکخراوی ئۆنروا لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، لە مانگی ئایارەوە تاوەکوو ئێستا بەهۆی گەمارۆ و ڕێگرییەکانی سوپای ئیسرائیل لە گەیشتنی خۆراک بە کەرتی غەززە، حاڵەتەکانی بەدخۆراکی زیادی کردووە و دانیشتوانی کەرتەکەش بە زەحمەت دەستیان بە خۆراکی پێویست دەگات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنیا لەمساڵدا سێ هەزار و 31 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی تەنیا ژەمێک خۆراک، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕاشیگەیاندووە، کوشتنی خەڵکی غەززە لە نزیک بنکەکانی دابەشکردنی خۆراک بووەتەوە کارێکی ئاسایی ڕۆژانەی سوپای ئیسرائیل.