ئیسرائیل دوو جار سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای سووریای بۆمباران کرد و هۆشداریش دەداتە شەرع
سوپای ئیسرائیل دوو جار سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای سووریای بۆمباران کرد. ئیسرائیل کاتس بە ئەحمەد شەرع دەڵێت: واز لە دروزەکان بهێننە و هێزەکانت لە سوەیدا بکشێننەوە.
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، لە دوو کاتی جیاوازدا، سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای سووریایان، لە دیمەشقی پایتەختی ئەو وڵاتە بۆمباران کردووە. بە گوێرەی میدیاکانی سووریاش، لە ئەنجامی هێرشەکە ژمارەیەک کەس کوژراو و بریندار بوون.
ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، بەردەوام دەبن لە هێرشکردنەسەر سوپای سووریا تا هەموو هێزەکانیان لە پارێزگای سوەیدای باشووری وڵاتەکە دەکشێننەوە و گوتی: پێویستە ڕژێمی سووریا واز لە دروزەکان بهێنێت و دەستبەجێ هێزەکانی بکێشێنێتەوە. ئێمە دەستبەرداری دروزەکان نابین و سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چەکداماڵین کە پێشتر ڕاگەیەنراوە.
هاوکات ئیڤی دیڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، بە وردی چاودێریی پێشهات و کردەوەکانی دژی هاووڵاتییانی دروز لە پارێزگای سوەیدا دەکەن و لەسەر ڕاسپاردەی بەرپرسانی سیاسیی وڵاتەکەیان، هێرش دەکەنە سەر پێگە سەربازییەکانی سوپای سووریا لە سنووری ئەو پارێزگایە و خۆشیان بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک ئامادە کردووە.
لە لایەکی دیکەوە کەناڵ 14ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، جگە لە هێرشکردنە سەر سەرۆکایەتیی ئەرکان، لە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشمەممەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندان پێگەی دیکەی سوپای سووریایان لە دەوروبەری پارێزگای سوەیدا بۆمباران کردووە؛ ئەمەش پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئەو وڵاتە و ئەگەر کردەوە توندوتیژییەکانی لە دژی دروزەکان نەوەستێنێت، هێرشی زیاتریان دەکرێتە سەر.
دوێنێ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، هێرش بکەنە سەر ئەو هێزانەی حکوومەتی سووریا کە چوونەتە ناو پارێزگای سوەیدا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیشی کردووەتەوە، چوونی هێزەکانی حکوومەتی سووریا بۆ نێو پارێزگای سوەیدا پێشێلکردنی ڕێککەوتنی چەکداماڵینە کە پێشتر ڕاگەیەنراوە. جەختیشی کردووەتەوە، پابەندن بە پاراستنی دروزەکانی سووریا لەسەر بنەمای برایەتیی هاوبەشیان لەگەڵ دروزەکانی ئیسرائیل.
بەیانیی دوێنێ سێشەممە، دوای شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارانی دروزی و چەکدارانی ھۆزە عەرەبەکان لە پارێزگای سوەیدا کە ژمارەیکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە، بە مەبەستی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگاکە، ھێزێکی زۆری ئەمنیی حکوومەتی سووریا چوونە نێو پارێزگای سوەیدا.
لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی دروزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەریهەڵداوە و هێشتاش کۆنترۆڵ نەکراوە.
پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی ئاینیی دروزەکانە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.
بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا 248 کەس لە دروزەکان، بەدەوییەکان و هێزەکانی حکوومەتی سووریا کوژراون، کە بەشێکی زۆریان هاووڵاتیی سڤیلن.