شاندی ئیمراڵی 'نەخشەڕێگەی داهاتووی پرۆسەی ئاشتییان' لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا تاوتوێ کرد

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا (وێنە: میدیاکانی تورکیا)
کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا (وێنە: میدیاکانی تورکیا)

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، لەگەڵ یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا کۆبووەوە. 

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و بەشداربووی کۆبوونەوەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ وەک شاندی ئیمرالی کۆبوونەوەی زۆر گرنگمان هەیە و سەردانی یەکەمان بۆ لای وەزیری داد بوو؛ کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ بوو، تاوتوێی ئەو قۆناغەمان کرد کە پرۆسەکە لە ڕووی یاسایی و سیاییەوە پێی گەیشتووە."

بوڵدان گوتی: "نەخشەڕێگەی داهاتووی پرۆسەکە لە تەوەری پرسەکانمان بوو، بەڕێز وەزیری داد ڕۆلێکی گرنگی لەو کۆمسیۆنەی (پەرلەمان) دەبێت کە بۆ پرۆسەکە پێکدەهێنرێت. جەختمان لەوە کردەوە، پرۆسەکە پێویستی بەوەیە لە زەمینەیەکی یاساییدا هەنگاو  بنێت. ناوبراو پاڵپشتی تەواوەتی خۆی بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە. کۆبوونەویەکی گرنگ و ئەرێنی بوو، هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پرۆسەکە قسەی لەبارەوە کرا."

لەبارەی ئەوەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە کوێ گەیشتووە؟ ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی گوتی:  "پرۆسەکە قۆناغ بە قۆناغ هەنگاو دەنێت و قۆناغی نوێش دامەزراندنی کۆمسیۆنی پەرلەمانە. هیچ بەروارێکی دیاریکراو نییە بۆ تەواو بوونی پرۆسەکە."

 

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا (وێنە: میدیاکانی تورکیا)

لە لایەکی دیکەوە میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ڕایگەیاند "لەگەڵ وەزیری داد کۆبوونەوەیەکی زۆر ئەرێنیمان هەبوو. بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە دروستی هەنگاوی بنێت و  بە ئاشتی بگەین، هەروەها دیموکراسی بێتە ئاراوە، زەمینەی یاسایی بۆ قۆناغی ئێستا زۆر گرنگە، لە داهاتوو کاری زۆر گرنگ ئەنجام دەدرێت، و رۆڵی وەزارەتی داد بۆ ئەمە گرنگ دەبێت، بەرێز وەزیری داد تەواوی پاڵپشتی خۆی بۆ ئەم مەبەستە دووپاتکردەوە."

 بە گوتەی ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی "چەندە زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەکە فەراهەم بکرێت، ئەوەندە بەئەنجامگەیشتنی پرۆسەکە ئاسان دەبێت، دوای ئەوەی کۆمسیۆن دامەزرا گشت بابەتەکانی تایبەت بە پرۆسەکە تاوتوێ دەکرێت، کۆمسیۆن بە پلەی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو پرسانە لە پەرلەماندا دادەمەزرێت، ئەگەری هەیە ئەم هەفتەیە کۆمیسیۆنەکە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجام بدات."

ڕۆژنامەی حوورییەت: کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان بۆ چارەکردنی پرسی کورد دانامەزرێت

ئەگەرچی دامەزراندی کۆمسیۆنەکە وەک هیوایەک دەبینرێت بۆ چارەکردنی بەشێک لە پرسەکانی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەڵام ڕۆژنامەی "حوورییەت" کە نزیکە لە دەسەڵات، ئەوەی خستووەتە ڕوو، کۆمسیۆنەکە کار بۆ فەراهەمکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات، نەک دەستووری تورکیا هەموار بکاتەوە، بە تایبەتی  چوار بڕگەی یەکەمی دەستوور کە بەشێکە لە داواکارییەکانی کورد.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە، لەگەڵ دامەزراندنی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان، زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئامادە دەکرێت. باس لەوەش کراوە، کۆمیسیۆنەکە بە درێژایی پشووی هاوینە کار دەکات و تا ئەو کاتەی پەرلەمان لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەست بەکارەکانی دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە ئامادەکارییەکانیان و چاکسازییە یاساییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکەن. 

لەبارەی ناوەرۆک و کارەکانی کۆمسیۆنەکە، ڕۆژنامەی "حوورییەت" ئاماژەی بەوە داوە، چاوەڕوان دەکرێت هەموارکردنەوە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزادان بکرێت. ڕاشیگەیاندووە، زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی پەکەکە لە زیندانەکاندا هەن؛ هەر گۆڕانکارییەکی یاسایی کاریگەرییان لەسەر دەکات. هەروەها بەشێک لە زیندانییان ماوە سزادانییان تەواو بووە، بەڵام بەهۆی ئەندامیەتییان لە پەکەکە، ئازادکردنییان دواخراوە. وەک ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، لەگەڵ چاکسازییە یاساییەکان، ئەوانەی سزاکەیان تەواو کردووە، ئازاد دەکرێن، بەڵام هیچ لێبووردنێکی گشتی لە پرۆسەکەدا نییە.

چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە لە سلێمانی

پێشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو (11ـی تەممووزی 2025) گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.  

چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت. 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.  پەکەکەش لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment