شاندێکی دەم پارتی سبەی سەردانی دەمیرتاش دەکات

بڕیار وایە سبەی پێنجشەممە، شاندێکی دەم پارتی سەردانی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بکات لە زیندانی ئەدرنە.

چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، میدیای نزیک لە پارتی یه‌كسانی و دیموكراسیی گه‌لان (دەم پارتی) ڕایگەیاندووە، تونجەر باکرهان و تولای هاتیمۆغولاری هاوسەرۆکانی دەم پارتی سبەی پێنجشەممە سەردانی زیندانی ئەدرنە دەکەن و لەگەڵ سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کۆدەبنەوە.

باس لەوەش کراوە، بڕیارە لە دیدارەکەدا پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە و ئازادکردنی ئەو سیاسەتمەدارانەی کە شانبەشانی دەمیرتاش لە دۆسیەی کۆبانیدا سزا دراون تاوتوێ بکرێت.

سەڵاحەددین دەمیرتاش ماوەی نۆ ساڵە لەسەر دۆسییەی کۆبانێ زیندانی کراوە، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی پێشبێنی دەکرێت دەمیرتاش ئازاد بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە لە 8ـی تەممووز دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دووپاتی کردەوە، دەستگیرکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش لەلایەن تورکیاوە سەرپێچییە و ناڕەوایە و پاڵنەرێکی سیاسیی هەیە بۆ دەستگیرکردنی، دواتر کۆمیسیۆنی یاسا و مافی مرۆڤی دەم پارتی لە 22ـەمین دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە داوای ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە کرد.

هەروەها ئۆزتورک تورکدۆغان، جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتی به‌ پێویستی زانیوه‌ دادگا بەبێ دواکەوتن فەرمانی ئازادکردن دەمیرتاش دەربکات و  پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو ناوبراو ئازاد بکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment