کۆمیسیۆن: دوای زانینی ژمارەی لیست و ژمارەی کاندیدەکان، وادەی بانگەشە دیاریی دەکرێت

ڕۆژی پێنجی ئاب، تیروپشک بۆ ژمارەی لیست و کاندیدەکان دەکرێت، هاوکات ئه‌ندامێكی  تیمی ڕاگەیاندنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆن ده‌ڵێت، تیروپشکەکە بە شێوەیەکی شەفاف لە بەردەم لایەنە سیاسییەکان ئەنجام دەدرێت.

چوارشه‌ممه‌، 16ـی ته‌ممووزی 2025، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان عێراق بە کوردستان24ـی گوتی: تیروپشک هەنگاوێکی سەرەکی و گرنگە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان کە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن. گوتیشی، تیروپشکەکە ڕۆژی پێنجی ئاب بە شێوەیەکی شەفاف لە بەردەم لایەنە سیاسییەکان ئەنجام دەدرێت. 

حەسەن هادی زایر گوتیشی، دوای زانینی ژمارەی لیست و ژمارەی کاندیدەکان، وادەی بانگەشە دیاریی دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئامادەکاریدایە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، دوای ئاشکراکردنی ناوی سەرۆکی لیستەکان، ڕۆژی پێنجی ئاب، تیروپشک بۆ  ژمارەی لیست و ژمارەی کاندیدەکان دەکرێت.

9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە‌، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment