هاکان فیدان: پێویستە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا ڕابگیرێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا سعوودی و ئوردنییەکەی، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوورییان تاوتوێ کرد.

چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، میدیای نزیک لە حکوومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوویە و ئوردن تاوتوێی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریا کرا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، هاکان فیدان لەگەڵ، فەیسەڵ بن فەرحان و ئەیمەن سەفەدی هێرشەکانی ئیسرائیل کە سەقامگیری ناوچەکەی کردووەتەوە ئامانج، هەڵوێستی خۆیان ڕوونکردووەتەوە. 

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکانی ئیسرائیل زیان دەگەیەنێتە ئەو هەنگاوانەی کە بۆ سەقامگیری سووریا نراون و پێویستە هێرشەکان بوەستێندرێن.

لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی درووزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەری هەڵداوە و هێشتاش کۆنترۆڵ نەکراوە.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی سووریا ڕایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامی هێرش و بۆمبارانه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر چه‌ند شوێنێكی دیمه‌شق، كه‌سێك كوژراوه‌ و 18ـی دیكه‌ش بریندار بوونه‌.

پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی ئایینیی دروزەکانە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا 300 کەس لە درووزەکان، بەدەوییەکان و هێزەکانی حکوومەتی سووریا کوژراون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment