ڕۆژنامەی زە گاردیان: بۆمبی ئەمەریکی منداڵانی غەززە دەکوژن
بەریتانیا هەناردەی هەندێک جۆری چەکی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووە، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەی زە گاردیان، دەریخستووە بۆمبی GBU-39 کە لە لایەن لقی ئەورووپای کۆمپانیای MBDA ئەمەریکییەوە بەرهەم دەهێنرێت، لە ڕێگەی بەریتانیاوە دەگاتە ئیسرائیل.
ڕۆژنامەی زە گاردیان، لە ژمارەی ئەمڕۆ، پینجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی "گەورەترین کۆمپانیای ئەمەریکیی دروستکردنی مووشەک لە ئەورووپا 'MBDA' پارچەی سەرەکیی ئەو بۆمبە بە ئیسرائیل دەفرۆشێت و تا ئێستا هەزاران دانە ڕەوانەی ئیسرائیل کراون و لە چەندان هێرشی ئاسمانیدا بەکارهێنراون؛ کە بەپێی توێژینەوەکان بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی منداڵان و هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی.
لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان دەربارەی ئەگەری سوودمەندبوونی کۆمپانیا ئەوروپییەکان لە وێرانکارییەکانی غەززە، ڕۆژنامەی زە گاردیان بە هاوبەشی لەگەڵ ژوورە هەواڵە سەربەخۆکانی Disclose و Follow the Money، پرۆسەی دابینکردنی بۆمبی GBU-39 و شێوازەکانی بەکارهێنانی لە کاتی ململانێکاندا، تاوتوێ کردووە.
داهاتی کۆمپانیای ئەمریکی MBDA Incorporated لە ڕێگەی MBDA UK یەوە دێت کە بنکەکەی لە هێرتفۆردشایری ئینگلتەرایە، کە دواتر هەر قازانجێک دەگوازێتەوە بۆ گروپی MBDA کە بارەگا سەرەکییەکەی لە فەرەنسایە.
ساڵی ڕابردوو گرووپی کۆمپانیای MBDA نزیکەی 350 ملیۆن پاوەندی وەک قازانجی پشکەکان بەسەر سێ پشکدارەکەیدا دابەش کرد، ئەوانەش گەورەترین کۆمپانیای بەرگریی بەریتانیا BAE Systems، کۆمپانیای Airbusی فەرەنسی و کۆمپانیای Leonardo ی ئیتاڵین.
لە مانگی ئەیلولی 2024دا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دەیڤد لامی، بەهۆی مەترسی "پێشێلکاریی جددی" یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییەوە، هەندێک لە مۆڵەتەکانی هەناردەکردنی چەکی بۆ ئیسرائیل هەڵپەسارد. لامی گوتی: کە ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە داڕێژراوە تاوەکوو ڕێگریی لە گەیشتنی ئەو 'کاڵایانە' بکات کە لەوانەیە لە ململانێی ئێستای غەززەدا بەکار بهێنرێن."
بە بەکارهێنانی زانیاریی سەرچاوە گشتییەکان و شیکارییەکانی شارەزایانی چەک، لێکۆڵینەوەکەی گاردیان، 24 حاڵەتی پشتڕاستکردووەتەوە کە تێیدا بۆمبی GBU-39 لە هێرشەکاندا بەکار هێنراوە و بووەنەتە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی. لە هەریەک لەو حاڵەتانەدا، منداڵانیش لە نێو قوربانییەکاندا بوونە. زۆرێک لە هێرشەکان لە شەودا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، لە بینای قوتابخانەکان و کەمپی ئاوارە خێوەتنشینەکاندا ڕوویان داوە. ژمارەیەک لەم هێرشانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و گروپی مرۆیی ئەمنستی ئینتەرناشناڵەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و وەک تاوانی جەنگیی گومانلێکراو ئاماژەیان پێ کردووە.
کۆمپانیای MBDA ڕایگەیاندووە "کۆمپانیاکە پابەندی هەموو یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانە کە بەسەر بازرگانی چەکدا جێبەجێ دەکرێن و سیستەمێکی کۆنترۆڵی هەناردەکردنی پتەوی هەیە."
چالاکوانان ڕایانگەیاند "هەنگاوەکەی بەریتانیا بۆ سنووردارکردنی گواستنەوەی هەندێک لە چەکەکان بۆ ئیسرائیل، تەنیا ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانە دەگرێتەوە کە لە بەریتانیا دروست دەکرێن؛ بە واتایەکی تر، لقی ئەورووپای کۆمپانیای MBDA ی ئەمەریکی دەتوانێت لە هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل بەردەوام بێت."