کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پرسی مووچە دەستی پێ کرد

پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران تابیەت بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، لەبەغدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران تابیەت بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانییە، کە تایبەتە بە پرسی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕیارە، لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاری پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان بدرێت.

چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی  وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران دوێنێ گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، باسیان لە وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشە کرد کە لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە.

لەبارەی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دوێنێ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لێکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی و نەوتە. وەک دەستپێک، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، باسی لەوەش کرد، دوای ئەم لێکتێگەیشتنە، هەردوو حکوومەت دەچنە نێو ڕێککەوتنێکی فراوانترەوە، ئەوەی کراوە ڕێککەوتنێکی سەرەتاییە.