ڕاپۆرتێکی ئێن بی سی: تەنیا دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ بە تەواوەتی وێران کراوە

تۆڕی هەواڵی 'ئێن بی سی' لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، هەڵسەنگاندنێکی نوێی کۆشکی سپی دەری دەخات کە تەنیا دامەزراوەی فۆردۆ، لە هێرشەکانی ئەمەریکادا بە تەواوەتی لەناو چووە.
ئێن بی سی، لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ، پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت "لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکەکانی ئەمەریکا، تەنیا دامەزراوەی فۆردۆ بە تەواوەتی وێران کراوە و دامەزراوەکانی نەتەنز و ئەسفەهان زیانی کەمیان بەرکەوتووە."
ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، چەندین جار ڕایگەیاندووە "توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان بەتەواوی لەناو بردووە." بەڵام دامودەزگا هەواڵگرییەکان و بەرپرسانی ئەمەریکی ڕاپۆرتی جیاواز و لە هەندێک حاڵەتدا دژبەیەکیان لەسەر ئاستی ئەو زیانانەی بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتوون، بڵاو کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تۆڕی ئێن بی سی، چوار بەرپرسی ئاگەدار، ڕایانگەیاندووە "ئەم هەڵسەنگاندنە، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ دیاریکردنی دۆخی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوەکان و لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێشکەش بە هەندێک لە یاسادانەرانی ئەمەریکا، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و وڵاتانی هاوپەیمان کراوە."
ئێن بی ئێس، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا پلانێکی زۆر گشتگیری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دارشتبوو کە لە بری یەک شەو، چەندین هەفتەی دەخایاند، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەم پلانەی ڕەت کردەوە چونکە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەودا نەدەگونجا.
پێشتر، ڕاپۆرتێکی نهێنیی پنتاگۆن دزەی کردبوو کە تێیدا هاتبوو "هێرشی ئەمریکا، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی تەنها چەند مانگێک دواخستووە و لەناوی نەبردووە." بەڵام دۆناڵد ترەمپ ئەم ڕاپۆرتەی بە 'ناتەواو' وەسف کردبوو و دووبارە جەختی لەوە کردبووەوە "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە تەواوی لەناو براوە."
ئانا کێلی، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە ڕاپۆرتەکەی تۆڕی ئێن بی سی، گوتی: هەروەک چۆن سەرۆک کۆمار ڕایگەیاندووە و شارەزایانیش پشتڕاستیان کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو، توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەتەواوی لەناو بردووە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش دەربارەی ئەم بانگەشەیەی ئێن بی سی، دەڵێت "ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاستی ڕاپۆرتەکە پشتڕاست بکاتەوە."
پێشتر، ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕایگەیاندبوو "سەرەڕای زیانە گەورەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، تاران دەتوانێت لە ماوەی چەند مانگێکدا دەست بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بکاتەوە."
ڕۆژی یەکشەممە، 22ی حوزەیرانی 2025، هاوکات لەگەڵ جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، فڕۆکەکانی ئەمریکا سێ ناوەندی ئەتۆمیی ئێرانیان بۆردومان کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.