سووریا.. هۆزەکان بۆ پشتیوانی بەدەوییەکان هێزیان بەرەو سوەیدا جوڵاند

لە سووریا هۆزە عەرەبەکانی بۆ پشتیوانی بەدەوویەکان، هێزیان بەرەو پارێزگای سوەیدا جوڵاند.

لە بەیاننامەیەکدا هۆزە عەرەبەکان سووریا ڕایانگەیاند "هێزیان بۆ پشتیوانیکردنی بەدەوییەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی درووزەکان ڕەوانەی پارێزگای سوەیدای سووریا کردووە"

گوتیشی: هێزەکانی حیکمەت هیجری، تاوانیان دژی کەسانی مەدەنی کردووە، هەروەها بەشێک لە ئەندامانی هۆزەکانی ناچارکردووە سوەیدا جێبهێڵن، ئەمەش مایەی قبوڵکردن نییە.

 دەشڵێت: بە پشتبەستن بە ئەرکی ئەخلاقی و عەشایەری خۆیان، داوا دەکەن حکوومەتی سووریا دەستوەردان نەکات یان ڕێگری لە جموجۆڵی ئەو چەکدارانە نەکات کە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاتوون بۆ هاوکاریی و پاڵپشتیکردنی برا بەدەوییەکانیان.

هەروەها هۆزەکان جەختیان لەوە کردەوە، مافی ڕەوای خۆیان بۆ داکۆکیکردن لە ستەملێکراوان و بەرپاکردنی دەستدرێژی دژ بە ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان بەکاردێنن.

شەوی ڕابردوو چەند گرتەڤیدیۆیەکی چوونی چەکدارانی هۆزەکان بەرەو پارێزگای سوەیدا بڵاوکرایەوە و هۆشداری لە شەڕێکی دیکە لەو پارێزگایە درا.

سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دوابەدوای ڕووداوەکانی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا، ڕایگەیاند "دەوڵەتی سووریا بە ئیرادەیەکی تەواوەوە دەستوەردانی کرد بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە ناوخۆییەی کە لە سوەیدا ڕووی دا و گوتی: درووزەکان بەشێکی دانەبڕاون لە پەیکی سووریا و پاراستنی ماف و ئازادییەکانیان لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتە".

گوتیشی: سووریا نابێتە شوێنێک بۆ دابەشبوون و پارچەپارچەبوون و ناتەبایی لە نێوان گەلەکەیدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە گەلی درووزمان دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی ماف و ئازادییەکانتان لە پێشینەی کارە، هەروەها هەر هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی ئێوە بۆ دەستی لایەنێکی دەرەکی ڕەتدەکەینەوە". 

سەرۆک کۆماری سووریا گوتی: ئێستا لەبەردەم دوو بژاردەداین، یان ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل، یان چاکسازی لە بەرەی ناوخۆماندا، گوتیشی: ئێمە کەسانێک نین لە شەڕ بترسین، ئێمە ژیانمان بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگاری و بەرگریکردن لە گەلەکەمان بەسەر بردووە، بەڵام بەرژەوەندیی سووریاییەکانمان خستۆتە بەردەم پێش هەموو شتێکەوە.

ڕایگەیاند "لایەنە ناوخۆییەکان و پیاوماقوڵانی حیکمەت ئەرکی پاراستنی ئاسایشی سوەیدایان پێ سپێردراوە".

بەگوێرەی ئامارێکی نوێی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە، لە سوەیدا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکان، لە سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەوە،13ـی تەممووزی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕوویدا و بەو هۆیەوە 360 کەس کوژراون و بە سەدانیش بریندارن، کە هەندێکیان سەربازی هێزەکانی سووریان.

 

 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment