پەیامنێری کوردستان24 لە سوەیدا بریندار کرا
لە کاتی ڕووماڵی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان، ئەنوەر عەبدوللەتیف پەیامنێری کوردستان24 بە سووکی بریندار بوو

شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان چەکدارە درووزەکان و بەدەوییەکان پێی ناوەتە پێنجەمین ڕۆژ و لە چەند ناوچەیەکی سوەیدا شەڕ بەردەوامە، لە ڕووبەرووبوونەوەکاندا چەکی قورس بەکار هاتووە، هاوکات بە هۆی بۆردومانەکانەوە پەیامنێری کوردستان24 لە سوەیدا بە سووکی بریندار بووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە دۆخی سووریا نیگەرانە و داوای ڕاگرتنی شەڕ و دانبەخۆ داگرتن لە لایەنەکان دەکات.
شەڕ و گرژییەکانی ناوچەی سوەیدا دەستی پێ کردووەتەوە و ئەنوەر عەبدوللەتیف، پەیامنێری کوردستان24 لە سوەیدا لە بارەی گرژییەکانی ناوچەکە گوتی: شەڕی نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان بەردەوامە، لە چەندین ناوچەیەکی سوەیدا شەڕ و پێکدادانەکان توندتربوون و دۆخەکە زۆر خراپە.
لەبارەی ژمارەی قوربانیان پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی دا، لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 18ی تەممووزی 2025، تاوەکوو ئێستا، بەهۆی بۆردومانەکانەوە زیاتر لە سەدان کەس لە هەردوولایەن کوژراون.
ئەنوەر عەبدوللەتیف نێردەی کوردستان24 بۆ سوەیدا گوتیشی: درووزەکان و بەدەوییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا چەکی قورس لە بەرانبەر یەکتر بەکار دەهێنن.
باسی لەوەش کرد، بەهۆی شەڕەکەوە ئاگر لە گوندی مەزرەعە کەوتووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر خانووی خەڵکی سووتاوە.
پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی: لە کاتی ڕووماڵە دا، گوللە هاونێک لە نزیک ئێمەوە کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە من و ژمارەیەک کەسی دیکەی مەدەنی برینداربوون، تەنیا برینی یەکێکیان سەختە.
لە بارەی برینەکەیەوە ئەکرەم گوتی: لە گوندی مەزرەعە بووین، ڕاستەوخۆ بە هاوەن بۆردومانکراین، من بە سووکی برینداربووم و پارچەیەکی بچووک، بەر شان ڕاستم کەوتووە و لە نزیکی ئێمەشەوە ژمارەیەک کەسی دیکە برینداربوون لە کاتەی سەرقاڵی ڕووماڵی شەڕ و پێشهاتەکانی ئەم دوایەی سوەیدا بووین.
ئاماژەشیدا، لەو شوێنەی کراونەتە ئامانج، زۆر ڕوون بووە کە ڕووماڵی ڕووداوەکان دەکەن، بەڵام ڕاستەوخۆ بۆردومان کراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تاوەکوو ئێستا هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەست وەردانیان لە دۆخەکە نەکردووە.
ئەنوەر عەبدوڵەتیف ئەوەشی خستە ڕوو، پێنج ڕۆژە گرژییەکان بەردەوامە، ئەمەش دۆخی هاووڵاتییان زۆر سەخت کردووە و گەمارۆیەکی توند خراوتە سەر ئەو ناوچانەی کە گرژییەکانی لێیە، داواش دەکەن شەڕەکە ڕابگیرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دۆخی سووریا نیگەرانە
هەر لە بارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوەیدا، نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هەر توندوتیژییەک لە بەرانبەر هاووڵاتییانی سووریا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکات و داوا لە هەموو لایەک دەکات، دەستبەجێ گرژییەکان ڕابگرن و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بن.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (OHCHR) لە ڕاگەیەندراوێکد ئاماژەی داوە، ڕاپۆرتیان پێگەیشتووە، بەهۆی گرژییەکانی سووریا، توندوتیژییەکی زۆر بەرانبەر بە خەڵکی مەدەنی کراوە.
داوا دەکات، دەستبەجێ خوێن ڕشتن و توندوتیژییەکانی بەرانبەر هاووڵاتییان ڕابگیرێن و پاراستنی ژیانی خەڵک و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش دەکات، لەلایەن گرووپێکی نزیک لە حکوومەتی سووریا دەستڕێژی کراوەتە سەر خێزانێک و بەهۆیەوە نزیکەی 13 کەس بە دڕندەیی کوژراون، هاوکات لە هەمان ڕۆژ شەش کەسی دیکە لە نزیک ماڵەکانیان لە سێدارە دراون.
هەروەها ئەوەشی خستووەتەو ڕوو، لە سووریا هاووڵاتییان لە ترسێکی زۆردا دەژین، بەردەوام لەبارەی لەدەستدانی ژیانی کەسوکارەکانییان ترسیان هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕاپۆرتەکان باس لە لەسێدارەدان، ڕفاندن و ڕووخاندنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانی حکوومەت و گرووپەکانی دیکەی سەر بە حکوومەت و گرووپەکانی درووزی و بەدەوییەکان کراوە.
لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی درووزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەری هەڵداوە، بۆ پێنجەمین ڕۆژە لە چەند ناوچەیەک شەڕ بەردەوامە.
پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی ئاینیی درووزەکانە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.