تیمێكی ئه‌مه‌ریكی پاشماوه‌كانی كه‌شتییه‌كی ژاپۆنی سه‌رده‌می جه‌نگیی دووه‌می جیهانیی دۆزییه‌وه‌

تیمێكی ئه‌مه‌ریكی پاشماوه‌كانی كه‌شتییه‌كی جه‌نگیی ژاپۆنی سه‌رده‌می جه‌نگیی دووه‌می جیهانی له‌ قووڵایی ده‌ریای دوورگه‌كانی سۆلۆمۆن ده‌دۆزێته‌وه‌؛ كه‌شتییه‌كه‌ درێژییه‌كه‌ی 134 مه‌تر بووه‌ و پاشماوه‌كانی له‌ قووڵایی نزیكه‌ی 800 مه‌تردا دۆزراونه‌ته‌وه‌.

تیمێکی ڕێکخراوی "Ocean Exploration Trust"ـی ئه‌مه‌ریكی ناحكوومی ڕایگه‌یاندووه‌، توانیویانه‌ پاشماوه‌كانی كه‌شتی جه‌نگی "تێرۆزوکی"ـی ژاپۆنی كه‌ درێژییه‌كه‌ی 134 مه‌تر بووه‌، له‌ قووڵایی 800 مه‌تر له‌ كه‌ناراوه‌كانی دوورگه‌كانی سۆلۆمۆن له‌ باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئوسترالیا بدۆزنه‌وه‌.

ڕێکخراوی "Ocean Exploration Trust" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کەشتیی تێرۆزوکی بە زمانی ژاپۆنی بە واتای "مانگی گەشاوە" دێت، لە ساڵی 1942 کەوتە خزمەتەوە، ئه‌ركیشی بریتی بوو له‌ پاراستنی فڕۆکەهەڵگرەکان لە هێرشی ئاسمانی.

کەشتیی تێرۆزوکی ته‌نیا دوای شه‌ش مانگ له‌ ده‌ستپێكردنی ئه‌ركه‌كه‌ی، له‌ لایه‌ن هێزی ئاسمانیی ئه‌مه‌ركییه‌وه‌ به‌ مووشه‌كی تۆرپیدۆ (Torpedo)ـوه‌ هێرشی كرایه‌ سه‌ر و ژێر ئاو كه‌وت.

دامەزراوەی ئۆشن ئێکسپلۆریشن تراست پێشتر ڕایگه‌یاندبوو، جگه‌ له‌ نۆ كه‌س، ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی دیكه‌ كه‌ له‌ناو كه‌شتییه‌كه‌یدا بوون، ڕزگاریان بووه‌.

تیمه‌كه‌ی ڕێکخراوی "Ocean Exploration Trust" ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، توانیویانه‌ به‌ بەکارهێنانی ئامێرێکی سۆناری وردبینی بەرز، به‌شی پشته‌وه‌ی کەشتییەكه‌ بدۆزنه‌وە کە زیاتر لە 200 مەتر لە ناوپۆشی هه‌یكه‌له‌كه‌ی دوورە. دیاترین پارچه‌ و پاشماوه‌ دۆزراوه‌كانی كه‌شتییه‌كه‌ بریتین له‌: بۆیه‌ی سووری هه‌یكه‌لی كه‌شتییه‌كه‌ و دیوی پشته‌وه‌ی و چه‌ند تۆپێكی ژه‌نگگرتوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment