ڕووسیا بە زیاتر لە 30 مووشەک و 300 درۆن هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو، ڕووسیا بەزیاتر لە 30 مووشەک و 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کەناڵی تێلێگرام ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و گوتی: شەوی ڕابردوو، ڕووسیا بەزیاتر لە 30 مووشەک و 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر شاری سۆمی ئۆکرانیا.
ئاماژەی بەوەش دا، هێرشەکەی ڕووسیا زیانی بە ژێرخانی شاری سۆمی گەیاندووە، هەروەها هەزاران خێزان بەدەست پچڕانی کارەباوە گرفتاربوون.
لەلایەکی دیکەوە چەند بەرپرسێکی ئۆکرانیا لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ڕووسیا ڕایانگەیاند، "ژمارەیەک کەس کوژراون و برینداربوون." هەروەها چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون بەهۆی هێرشەکەوە ئاگریان گرتووە.
لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، هەروەها دەیان هەزار کەس لەو شەرە بەردەوامەی نێوانیان کوژران و بریندار بوون، ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.
ڕۆژی پێنجشەممەش، 17ـی تەمووزی 2025، ڤلادیمێر مێدینسکی لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا نووسیویەتی: بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئیستانبوڵ، تەرمی 19 سەربازیی ڕووسییمان لە ئۆکرانیا وەرگرتەوە. هەروەها تەرمی هەزار سەربازییشمان ڕادەستی ئۆکرانیا کردەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکان بەشێوەیەکی فراوانتر، هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئاگربەست لە ناوچە دیاریکراوەکان بۆ هەڵگرتنەوەی تەرمەکان کراوە، بەڵام ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی تەنیا دوو کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، پاشەکشەی کرد و پەشیمان بووەوە، گوتیشی: ڕووسیا ئەو بەڵێنانەی لە ئەستانبوڵ دابووی جێبەجێکردووە.