ناشناڵ ئینترێست: ئێران پەلە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات
گۆڤاری ناشناڵ ئینترێستی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، ئێران سوودی لە سستبوونی دانووستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکا وەرگرتووە و پەلە دەکات لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاری ئێران بۆ وەستاندنی کارەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە 2ـی تەممووز، واتای کشانەوەی ئێران دەدات لە پەیماننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی.
ناشناڵ ئینترێست ئاماژەی بەوەدا کە بارودۆخی ناوخۆی ئێران ئەگەری هەیە ببێتە هۆی هەرەسهێنانی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن بەهۆی پێداگری تاران لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم، کە بەگوێرەی گۆڤارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و واشنتۆن پەنا بۆ هێرشی سەربازیی زیاتر ببەن.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ دوای هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، فشارەکانی زیاتر کردووە، دەڵێت: پێدەچێت ململانێی زیاتر بێتە ئاراوە، دەشڵێت: ئەو ئاڵۆزییانە وا دەکات جەنگێکی بێ کۆتایی سەرهەڵبدات کە تێیدا چەندین ئێرانی و ئەمەریکی و ئیسرائیلی گیان لەدەست بدەن.
گۆڤارە ئەمریکییەکە لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە، باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بریتییە لە، ڕێککەوتن و دانووستان، ئاماژەی بەوەشدا کە، ترەمپ چانسی ئەوەی هەیە ڕۆڵی خۆی لە ئاشتیدا بگێڕێت، "بەڵام تا ئێستا ئەو ڕۆڵەی نەبینووە".